حكومەتی عیراق واز لە مامەڵەكردن بەدۆلار لەگەڵ ئێران دەهێنێت

‌سەعد حەدیسی

وێستگە نیوز-
نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاند، ناچارن سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران جێبەجێ بكەن و واز لە مامەڵەكردن بە دۆلار لەگەڵ ئێراندا بهێنن.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی عەبادی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "عێراق لە چوارچێوەی سزا سەپێندراوەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران، ناچار دەبێت واز لە دۆلار بهێنێت لە مامەڵەكردنی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، سزاكان بە پلەی یەكەم كاریگەرییان لەسەر حەواڵەكردنە داراییەكان و مامەڵە بانكییەكان دەبێت كە دۆلار بەكاردەهێنن، چونكە  هەردوولا لەسەر دووركەوتنەوە لە دۆلار رێككەوتوون.

حەدیسی روونیكردۆتەوە "لەژێر سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، ئەستەمە بتوانرێت پارێزگاری لە ئاستی ئێستای بازرگانی نێوان عیراق  و ئێران بكرێت و بەمەبستی كەمكردنەوەی كاریگەری سزاكان، حكومەتی عیراق كار لەسەر پەرەپێدانی میكانیزمێكی نوێ بۆ پاڵپشتیكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەكات".

حكومەتی ئەمەریكا رایگەیاندووە دەیەوێت هەڵسوكەوتی حكومەتی ئێران بگۆڕێت، لەو چوارچێوەیەشدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، هەر وڵاتێك مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران بكات، نابێت مامەڵە لەگەڵ ئەمەریكا بكات.


PM:11:43:10/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 5852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت