سەركردەیەكی یەكێتی: ئەو شاندەی زۆرترین پەرلەمانتاری هەبێت لەبەغدا، زۆرتر بەهەند وەردەگیرێت

‌فەرید ئەسەسەرد

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەكێتی رایدەگەیەنێت پێش جەژنی قوربان پڕۆژە هاوبەشەكەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ كۆتایی دێت، ئاماژەی بەوەشكرد ، ئەگەر دوو شاندی كوردیش هەبێت، ئەو شاندەی زۆرترین پەرلەمانتاری هەبێت لەبەغدا، زۆرتر بەهەند وەردەگیرێت.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، پڕۆژەكەیان لەگەڵ پارتی بۆ گفتوگۆی لایەنە عیراقییەكان سەبارەت بە دروستكردنی حكومەتی نوێی عیراق لە كۆتاییدایە و پێش جەژن كۆتایی دێت، پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێش نزیكبۆتەوە و لایەنە كوردییەكانیش خێراتر كار دەكەن و هەوڵ دەدەن تێڕوانێكی رۆشنتریان هەبێت بۆ بەغدا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، پڕۆژەكە لەنێوان پارتی و یەكێتی هاوبەشە، دوای پەسەندكردنیان لەلایەن هەردوو حزبەوە دەكرێتە بنەمایەك بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش، هەر لایەنێك رازی بوو دەتوانێت لە شاندەكە بەشدار بێت، لایەنەكانی دیكەش كە رازی نین دەتوانن خۆیان پڕۆژەیان هەبێت و بەشاندی خۆیان بڕۆنە بەغدا، بۆیە لەو كاتەدا رەنگە دوو شاندی كوردی بڕۆنە بەغدا.

سەبارەت بەوەی ئەگەر دوو شاندی كوردی سەردانی بەغدا بكەن، بۆ یەكڕیزی كورد باشە یان خراپە؟، ئەسەسەرد وتی "ئەوەیان دەوەستێتە سەر لایەنە عیراقییەكان كام شاند بە هەند وەردەگرن، ژمارەی كورسییەكان رۆڵی دەبێت لە هاندانی لایەنە عیراقییەكان بۆ وتوێژ، دەرفەتیش هەیە لەگەڵ هەردوو شاند گفتوگۆ بكەن، لەو كاتەشدا هەر شاندێك هەوڵ دەدات ئەجندای خۆی لەگەڵ شاندە عیراقییەكان بسەلمێنن، ئەو شاندەی زۆرترین پەرلەمانتاری دەبێت ئەوە زۆرتر بەهەند وەردەگیرێت".

سەركردەكەی یەكێتی جەختیكردەوە "هەر پڕۆژەیەك یەكێتی و پارتی، یان هەر پڕۆژەیەك لایەنەكانی دیكەش داینێن 80%ی وەكو یەك دەبێت، لەبەرئەوە كێشەیەكی زۆر گەورە نییە لای لایەنە عیراقییەكان بۆ مامەڵە لەگەڵ شاندەكانی كوردستان كە پڕۆژەیان هەبێت، بەڵام بێگومان ئەگەر دوو شاند هەبێت گفتوگۆ لەگەڵ شاندە بەهێزەكە دەبێت".

پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلولیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، ئایا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاریگەری بۆ گفتوگۆكانی بەغدا دەبێت؟

فەرید ئەسەسەرد روونیكردەوە، "ئەگەر گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی عیراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەیەك كات بن بێگومان كاریگەری دەبێت، چونكە زۆر قورسە لایەنە سیاسییەكان لە كوردستان سەرقاڵی وتوێژێكی قورس بێت لە بەغدا و لەلایەكی دیكەش سەرقاڵی كۆكردنەوەی دەنگ بن بۆ پەرلەمانی كوردستان".

شەوی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئەنجامی كۆتایی ژماردنەوەی دەستیی بۆ هەڵبژارنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عیراق راگەیاند كە هیچ ئەنجامێكی شارەكانی كوردستان گۆڕانكاری تێدا رووینەداوە، بەو پێیەش بێت پارتی و یەكێتی دوو براوەی یەكەمن و زۆرترین كورسییان لە پەرلەمانی داهاتووی عیراق دەبێت.


PM:10:23:10/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو