پەرلەمانتارێكی یەكێتی داوای كەمكردنەوەی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم دەكات

‌سالار مەحمود

وێستگە نیوز-
پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان پێشنیارێكی كردووە لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلول، وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم بۆ 10 وەزارەت كەمبكرێنەوە و متمانەش لە وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگیرێتەوە.

سالار مەحمود، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە فەیسبووكی خۆی پێشنیارێكی بڵاوكردۆتەوە و داوای لە لایەنە سیاسییەكان كردووە پێكەوە پڕۆژەیەكی نیشتمانی ئامادە بكەن تا ببێتە بنەمای رێككەوتنێكی نیشتمانی لەنێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان.

ناوبراو داوایكردووە لەئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بەردەوامبوونی پەرلەمان لەو ماوەیەدا، چەند كارێك بكرێت لەوانە، پرۆژەی دەستوری كوردستان تەواو بكرێ و بخرێتە بەردەم خەڵكی كوردستان بۆ ئەوەی هەرێم ببێتە خاوەن دەستورو بنەمای سیستەم و دامەزراوەی نیشتمانی دروست بكرێت.

هەروەها پڕۆژەی چاكسازی مووچە بهێنرێتە پەرلەمان و مووچەی بەناو پاشەكەوتی مووچە خۆران بدرێتەوە و بندیوارو زیادە هەڵوەشێتەوە.

پێشنیاری سێیەمی سالار مەحمود ئەوەیە، یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر هەموار بكرێتەوە بەچەشنێك ئاسایشی راستەقینە بۆ كوردستان دابین بكات و بەناوی تیرۆرەوە ئازادی سیاسی زەوت نەكرێ، هەروەك پڕۆژە بڕیاری تاوانی شەنگال دەربكرێ و پەرلەمان رۆڵی هەبێ لە ناساندنی جینۆسایدی كوردستان بە جیهان.

سالار مەحمود دەڵێت، حكومەت تەرشیق بكرێتەوە، وەزارەتەكان بكرێن بە دە وەزارەت و كەم بكرێنەوە بەجۆرێك بتوانێت رۆتین كەمبكرێتەوەو خزمەتی زیاتری خەڵك بكرێ. لەپەرلەمانەوە دەنگ لەسەر وەزارەتەكان بدرێ.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەكردووە "وەزیری سامانە سروشتیەكان لەپەرلەمانەوە متمانەی لێ وەربگیرێتەوە وەك نمونەی شكستی سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری و ناشەفافیەتی نەوت و گاز، وەرگرتنی متمانە لە وەزیری حكومەت لەپەرلەمانەوە بكرێتە بنەما".

هەروەها پڕۆژەیەكی هاوبەش بۆ بەشداری لە حكومەتی نوێی عیراق ئامادە بكرێ و لایەنەكان لە جیاتی پۆست رێك بكەون لەسەر دەستكەوتە دەستوریەكانی كوردستان ئینجا پۆستە سیادیەكان و وەزارەتەكان.

لە كۆتاییدا سالار مەحمود دەڵێت "ئەم بیرۆكەو پێشنیارانە دەخەمە بەردەم لایەنە سیاسیەكانی كوردستان وەك دەلاقەی قۆناغێكی نوێ، چونكە سوننەكان پەرتن شیعەكای عیراق پەرتن، با كورد شتێ لەم دۆخە سود ببینێ و یەكڕیزی دەستەبەر بكات".


PM:09:21:10/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 3260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو