‌پۆلیسی سلێمانی ده‌ستگیركردنی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر تۆمه‌تباری‌ راگه‌یاند

وێستگه‌ نیوز -

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ گه‌ڕان و پشكنینی گازینۆ و كافتریاكان، 60 تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ رایگه‌یاند كه‌ "دوای چاودێریكردنی گازینۆكان و كافتریاكانی شاری سلێمانی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه‌، زانرا له‌به‌شێك له‌و شوێنانه‌دا قومار ده‌كرێت، دوای وه‌رگرتنی فه‌رمانی دادوه‌ر به‌سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی عه‌میدی مافپه‌روه‌ر ئاسۆ شێخ ته‌ها هه‌ڵمه‌تێك بۆ گه‌ڕان و پشكنینی گازینۆ و كافتریاكان ده‌ستی یپێكرد".

پۆلیسی سلێمانی ده‌ڵێت: "له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا و له‌لایه‌ن به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان و بنكه‌ی پۆلیسی سه‌را توانرا شه‌ست كه‌س به‌تۆمه‌تی قوماركردن ده‌ستگیر بكرێن".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ئێستاشدا تۆمه‌تباران به‌پێی مادده‌ی 389 له‌یاسای سزادانی عیراقی و به‌فه‌رمانی دادوه‌ر راگیراون و له‌لایه‌ن بنكه‌ی پۆلیسی سه‌راوه‌ په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "هه‌ڵمه‌ته‌كانی بۆ گه‌ڕان و پشكنین له‌ ته‌واوی كازینۆ و كافتریاكانی شاری سلێمانی به‌رده‌وامییان ده‌بێت و سه‌رجه‌م تۆمه‌تباران رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێنه‌وه‌".


AM:11:26:10/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو