عه‌بادی چه‌ند بڕیارێك له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی موسڵ ده‌رده‌كات
کۆبونەوەی عەبادی لەگەڵ نوێنەرانی موسڵ
وێستگه نیوزـ
سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌گه‌ڵ پیاوماقوڵان نوێنەران و كه‌سایه‌تییه‌كانی شاری موسڵ كۆبوه‌وه و دوای گوێگرتن له داواكارییه‌كانیان، 20 بڕیار و راسپارده‌ی له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی ئه‌و شاره ده‌ركرد.
نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 9ی ئابی 2018، حه‌یده‌رعه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له به‌غدا چاوی به كه‌سایه‌تی و نوێنه‌رانی خه‌ڵكی موسڵ كه‌وتوه و به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیانی داوه و بۆ ئه‌وه‌ش، 20 بڕیار و راسپارده‌ی ئاراسته‌ی ئیداره‌ی شاره‌كه كردووه تا له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی ئه‌و شاره بكه‌ونه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له راسپارده‌كاندا ئاماژه به ئاسانكاری چونه ژوره‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی كراوه بۆ نه‌ینه‌وا به‌بێ ئه‌وه‌ی به بازگه‌ی گومركیدا تێده‌په‌ڕێت، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ی روبه‌روی مامه‌ڵه‌ی قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوانی تاوانی تیرۆر بۆته‌وه.
باسیش له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی پاره‌ی 2014ی جوتیاران، ئاسانكاری رێكاره‌كانی فرۆشتن و كڕینی موڵك، دابینكردنی ئامێری پێویستی پزیشكی بۆ ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستی، گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی خێرا بۆ زیادكردنی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی كراوه له به‌ری راستی موسڵ.
له بڕیاره‌كانی عه‌بادیدا جه‌ختكراوه‌ته‌وه له پێویستی دوباره بنیاتنانه‌وه‌ی ناوه‌نده خزمه‌تگوزارییه‌كان، له نێویاندا به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی دوو پردی ناوشاره‌كه، به‌دواداچونی بۆ قه‌ره‌باڵغی وێستگه‌كانی به‌نزین و لێكۆڵینه‌وه له‌و كه‌سانه‌ی یاری به پشكی نه‌ینه‌وا ده‌كه‌ن له كاره‌بای نیشتمانی.
ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی ئاماژه به چالاككردنه‌وه‌ی قه‌رزی بچوك، باشكردنی خزمه‌تگوزاری شاره‌وانی و پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك كراوه بۆ نه‌هێشتنی زیاده‌ڕۆیی.
عه‌بادی به پێویستیشی زانیووه دامه‌زراندن له میلاكی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌ستپێبكاته‌وه و گرنگیش بدرێت به كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و بوژاندنه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان، بڕیاری ئه‌وه‌شی داوه فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان كارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دروستبكه‌ن له رێگای نێوان شه‌نگال و تلسقۆف-بتنایه-موسڵ.
PM:09:39:09/08/2018
ئه‌م بابه‌ته 3096
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت