دواین ئاماری قوربانیانی هێرشی‌ داعش بۆسه‌ر شنگال راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌ نیوز -
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری كوردانی ئێزدی له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دواین ئاماری قوربانیانی كوردانی ئێزدی له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌كدارانی‌ داعش بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ تا ئێستا 3 هه‌زار و 102 كه‌س له‌ده‌ست داعشدا ماون.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری كوردانی ئێزدی له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئامارێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، رایگه‌یاند كه‌ "ژماره‌ی ئێزدییه‌كان له‌ عیراق 550 هه‌زار كه‌سن و ژماره‌ی ئاواره‌كان 360 هه‌زار كه‌سن و ژماره‌ی شه‌هیدان هه‌زار و 293 شه‌هیدن و ژماره‌ی بێ دایك و باوكان؛ ئه‌وانه‌ی بێ باوكن هه‌زار و 59 و ژماره‌ی بێ دایكان  407 كه‌سن".

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری كوردانی ئێزدی ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی بێ دایك و باوكن 359 كه‌سن و ئه‌و منداڵانه‌ی دایك و باوكیان له‌ده‌ست داعشدایه‌ 220 منداڵن، كه‌ كۆی گشتی ده‌كاته‌ 2 هه‌زار و 745 كه‌س".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ژماره‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان 69 گۆڕه‌ و به‌ده‌یان گۆڕی تاكه‌كه‌سیش هه‌یه‌".

وتیشی‌: "ژماره‌ی مه‌زار و شوێنی ئایینی كه‌ ته‌قێندراونه‌ته‌وه‌ 68 شوێن و مه‌زاره‌ و 100 هه‌زار كه‌سیش چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات".

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری كوردانی ئێزدی راشیگه‌یاند كه‌ "شه‌ش هه‌زار و 417 كه‌س رفێندرابوون، كه‌ 3 هه‌زار 548 ئافره‌ت و 2 هه‌زار و 869 پیاو بوون و تا ئێستا 3 هه‌زار و 315 كه‌سیان ئازاد كراون".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "هه‌زار و 155 ئافره‌ت و 337 پیاو و 953 منداڵی كچ و 870 منداڵی كوڕ له‌ ده‌ستی‌ داعش ئازادكراون".

 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری كوردانی ئێزدی ئاشكراشیكرد كه‌ "تا ئێستا 3 هه‌زار و 102 كه‌س له‌ده‌ست داعشدا ماون، كه‌ هه‌زار و 440 ئافره‌ت و هه‌زار و 662 پیاون".

رۆژی 3ی‌ ئابی‌ 2018 هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ قه‌زای شنگال كشایه‌وه‌ و چه‌كدارانی‌ داعش قه‌زاكه‌یان داگیركرد.

له‌ ماوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشدا، دانیشتوانی‌ شنگال له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ رووبه‌ڕووی‌ جینۆساید بوونه‌وه‌ و هه‌زاران كه‌سیان ئاواره‌ بون‌ و رویانكرده‌ چیای شنگال، هاوكات سه‌دان كچ‌ و ژنی ئێزدی له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی‌ داعشه‌وه‌ به‌دیل گیران‌ و كڕین‌ و فرۆشتنیان پێوه‌كرا.

هه‌ر ئه‌و كات چه‌ند یه‌كه‌یه‌ك له‌ گه‌ریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارنی‌ كوردستان "په‌كه‌كه‌" گه‌یشتنه‌ ناوچه‌كه‌ و تا كۆتاییهاتنی‌ داعش‌ و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ قه‌زاكه‌، شه‌ڕی‌ داعشیان كرد.


PM:05:54:01/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو