نەجمەدین کەریم: تەنها بەڕێوەبەری‌ شارەوانی‌ کەرکوك کە کوردە لە پۆستەکەی‌ ماوەتەوە

‌نەجمەدین کەریم

وێستگه‌ نیوز ـ
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری له‌كارلادراوی كه‌ركوك رایگەیاند، لە ئێستادا کورد لە کەرکوک دەسەڵاتی نەماوە و سەرجەم بەڕێوەبەرە کوردەکانی پارێزگاکە لە کارەکانیان لابراون و تەنها بەڕێوەبەری‌ شارەوانی‌ کەرکوك کە کوردە لە پۆستەکەی‌ ماوەتەوە.


نەجمەدین کەریم، ئەندامی‌ پێشووی‌ مەکتەبی‌ سیاسی یەکێتی‌ و پارێزگاری له‌كارلادراوی كه‌ركوك رایگەیاند، "بەپێی یاسا من پارێزگاری‌ کەرکوکم، بەڵام کاری‌ رۆژانە ناکەم چونکە کەرکوک داگیرکراوە، رۆژانە گرتن و کوشتن و رفاندن لە شارەکە و دەوروبەری‌ بەردەوامە جارێکی‌ تر تەعریب لە کەرکوک دەستیپێکردووەتەوە و دۆخی‌ هاوڵاتیانی‌ کورد خراپە".

نه‌جمه‌دین كه‌ریم، له‌ به‌رنامه‌ی تاووتوێی كه‌ناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی، ئەوەشی خسته‌تەڕوو، "بە فەرمانی پارێزگای کەرکوک زۆرێک لە بەڕێوەبەرە کوردەکان لابراون و تەنها بەڕێوەبەری‌ شارەوانی‌ کەرکوک کە کوردە لە پۆستەکەی‌ ماوەتەوە، جگە لە ئەوەش کورد لە دەسەڵاتی ئەمنیشدا دەسەڵاتەکانی لێسەنراوەتەوە".

باسی لەوەش کرد، "چەند رۆژێك بەر لە ریفراندۆم یەکێتی‌ داوایلێکردم بابەتی‌ بەهەرێمبوونی‌ کەرکوك بوروژێنم، بەڵام کاتەکەی زۆر درەنگبوو، لە ئێستاشدا پارتی و یەکێتی دەیانەوێت پێکەوە لە بەغدا بە پرۆژەی هاوبەش لە حکومەتی داهاتووی عیراق بەشداریبکەن بەڵام بێ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک کاریگەری ئەوتۆیان نابێت".

وتیشی: "لە 2013وە تا ئێستاش پارەی‌ پترۆدۆلار نەدراوە بە پارێزگای‌ کەرکوک و دەوروبەری‌، هیچ هێزێکی کوردییش نییە پارێزگاری لە خەڵکی کەرکوک بکات بە یەکێتیشەوە، لە ئێستاشدا یەکێتی‌ دەسەڵاتی‌ نییە و بۆ هەر کارێکیش پێویستیان بە وەرگرتنی‌ رەزامەندییە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "بەداخەوە فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری‌ عیراق نەیتوانیوە رۆڵی‌ خۆی‌ ببینێت، هەموو کارێک دەکات بۆئەوەی‌ جارێکیتر ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار، تا ئێستاش هیچ شتێک بە من نەوتراوە بۆئەوەی‌ پۆستی‌ سەرۆک کۆماری‌ عیراق وەربگرم".

ئەوەشی وت، "کوردستان پێویستی‌ بە سەرۆکی‌ هەرێمە و دەبێت لەناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت نەوەک بە دڵی‌ حزبەکان، ئەگەر هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان دوابخرێت ئەوا بە بۆچوونی‌ من کارەساتە".

هــ. ر


AM:08:41:30/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 24776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو