لێدوانی بەرپرسێكی بەرەی توركمان سەبارەت بە چەكدارانی ئەندامانیان لەلایەن توركیا لە كەركوك

‌خۆپیشاندانێکی بەرەی تورکمانی لە کەرکوک.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی بەرەی توركمان رەتیدەكاتەوە لەلایەن وڵاتی توركیاوە ئەندامانیان لە شاری كەركوك پڕچەككرابن و دەڵێت، ئەوان حزبێكی مەدەنین و بەرگری لە هاوڵاتیان توركمان دەكەن.


ئایدن مەعروف، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی و سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، ئەو قسانە راست نین كە ئەندامانی بەرەی توركمان لەلایەن توركیا لە شاری كەركوك پڕچەككرابن و وتی "بەرەی توركمانی هیچ هێزێكی چەكداری نە لە كەركوك و نە لە هیچ شوێنێكی دیكەی عیراق نییە، بەرەی توركمانی حزبێكی مەدەنی دیموكراتخوازە و بەرگری لە توركمانەكانی عیراق و كوردستان دەكات".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، ئەوە مەسەلەیەكی سیاسییە و پشێوی سیاسی لە شاری كەركوك دروست دەكات، ئامانجیش لێی ئەوەیە دوای دەرەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عیراق، بەرەی توركمانی رۆڵێكی گرنگی هەبوو، هەروەها دوای ژماردنەوەی دەنگەكانیش لە كەركوك بەدەست، هەندێك لایەن ناڕەحەت بوون.

سەبارەت بە تەقینەوەكانی شەوی رابردووی شاری كەركوكیش، ئایدن مەعروف روونیكردەوە پێشتریش تەقینەوە لەو شارە روویانداوە، ئەوەی شەوی رابردووش كارێكی خراپە و ئامانجیان تێكدانی رەوشی سیاسی ئەو شارە و پەیوەندی پێكهاتەكان تێك دەدات، بۆیە دەبێت پێكهاتەكان بەشێوەیەكی برایانە پێكەوە بژین.
 
ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی لە شاری كەركوك رایانگەیاندووە لەلایەن توركیاوە نزیكەی 600 ئەندامی بەرەی توركمان پڕچەككراون.

هــ. ر


PM:02:34:19/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 5324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو