مه‌لا به‌ختیار: ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌ به‌غدا داخوازییه‌كانی كورد جێبه‌جێ نه‌كات رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ناكه‌ین

‌وەفدە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا

وێستگه‌ نیوزـ

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بەنوێنەرای یەكێتی بەشداری به‌شداریی وه‌فدی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتیی كردوه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عیراق كۆبونه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاند: پرۆژەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی پەسەند دەكرێت و ئەو لایەنەشی لەبەغدا داخوازییەكانمان جێبەجێ نەكات رێككەوتنی لەگەڵ ناكەین.

ئێوارەی ئەمڕۆ 18ی تەموزی 2018، د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق لەبەغدا لەگەڵ لایەنە كوردستانی و عیراقییەكاندا كۆبوویەوە ز مەلا بەختیار،  لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و نوێنه‌ری حزبه‌كه‌ی له‌ وه‌فدی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی بۆ به‌غدا، رایگەیاند لەكۆبوونەوەی سەرۆك كۆمارو لایەنەكاندا تەئكید لەسەر ئەوەكراوەتەوە كە دادگای فیدراڵی ئەنجامی دەستی دەنگەكان یەكلابكاتەوە تا كۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ بكرێت و حكومەتی نوێ رابگەیەنرێت، راشیگەیاند  پرۆژەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی پەسەند دەكرێت و ئەو لایەنەشی لەبەغدا داخوازییەكانمان جێبەجێ نەكات رێككەوتنی لەگەڵ ناكەین.

مەلا بەختیار دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: خاڵەكانی كۆبوونەوەكە كە گفتوگۆی لەسەر كراوە لەبەیاننامەی سەرۆكایەتی كۆماردا رادەگەیەنرێت، لەكۆبوونەوەكەشدا هەموو لایەنەكان وەك قوناغێكی نوێ سەیری عیراق كرا، خۆپیشاندانەكان و داواكاری مەدەنی و رەوای خۆپیشاندەران و ئەو دەستانەشی لەناو خۆپیشاندانەكاندا هەن لەگەڵ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان گفتوگۆیان لەسەر كرا.

وتیشی: لەكۆبوونەوەكەدا گرنگی خێراكردنی هەنگاوەكانی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ساغكردنەوەی ئەنجامی دەستی دەنگەكان قسەی لەسەركرا تا پەرلەمان دانیشتنی خۆی بكات و زۆرینەی پەرلەمانی پێكبهێنرێت و حكومەتی نوێی عیراق رابگەیەنرێت، بەشێوەیەكی گشتیش لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ گفتوگۆكرا.

لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیشەوە، مەلا بەختیار رایگەیاند: هێشتا لایەنە شیعییەكان بۆ پێكهێنانی كوتلەی زۆرینە لەناو خۆیاندا رێككنەكەوتون، هەروەها سوننەكانیش بۆ پێكهێنانی زۆرینە رێككنەكەوتوون، ئەوەی هەیە تەنها لەكوردستانە كە خاوەنی زۆرینەی كورسیەكان رێككەوتوین كە خۆی لەیەكێتی و پارتی دەبینێتەوە، هەوڵیش هەیە هەموو لایەنە كوردستانییەكان كۆببینەوە.

تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە لەدوا كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتیدا بڕیاردراوە وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی پێكەوە بچنە بەغداو پرۆژەی هاوبەشمان هەیە بۆ كوردستان، بۆ سەرجەم كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت، لەم هەفتەیەدا ئامادە دەكرێت و دواتر لەكۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیدا پەسەند دەكرێت، پرۆژەكەشمان ، لەوانەش بابەتە دەستووریی و ئابورییەكان و ناوچە جێناكۆكەكان.

وتیشی: ئەو لایەنە عیراقییەی دەنگەكانی كوردستان و پێكهاتەی كوردی لا گرنگه‌ و دەیەوێت عیراق بەپێی دەستور بڕوات بەڕێوە، دەبێت داخوازییەكانمان قبوڵبكات، ئێمە رێكناكەوین بەبێ ئەوەی تەواوی داخوازییە بنچینەییەكانی گەلەكەمان قبوڵ نەكرابێت.

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18ی ته‌مموزی 2018، وه‌فدێكی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان لە به‌غدان و مەبەست لە سەردانەکە گفتۆگۆکردنە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق.

به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌ سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ به‌غدا هه‌ریه‌ك له‌ فازل میرانی لەپارتی و مه‌لابه‌ختیار لە یەکێتی سه‌رۆكایه‌تیی وه‌فدی هاوبه‌شی هەردوو حزەبەکە ده‌كه‌ن.

رۆژی دووشه‌ممه‌ 16ی ته‌مموزی 2018، مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی كۆبونه‌وه‌ و وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، هەردوولایان داواکارییەکانیان دەکەنە پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانی و بە لایەنە عیراقییەکانیشیان راگەیاندووە کە بەیەک شاندی هاوبەش دەچینە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەبارەی حکومەتی داهاتووی عیراق.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی پارتی دیموكراتیك كوردستان، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ دوای ته‌واوبونی كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند: "پرۆژه‌یه‌كمان بۆ گفتوگۆی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ئاماده‌كردوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پرۆژه‌یه‌كی گشتگیره‌وه‌ بچینه‌ به‌غدا".

وتیشی: "داواكاری خۆپیشانده‌ران له‌ باشوری عیراق ره‌وایه‌و ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ داخوازی خه‌ڵكین بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان".

ئه‌وه‌شیخسته‌روو، كه‌له‌ رابردووشدا هه‌وڵدان بۆ گه‌مارۆدانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بوه‌، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ هه‌ڵبژاردن بشێوێنرێت و عیراقیش به‌ره‌و پێشه‌وه‌ نه‌چوه‌.

هاوكات مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌كه‌دا وتی: "ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌رگای گفتوگۆمان بۆ هه‌موو لایه‌ك كراوه‌یه‌و به‌شداری هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌لامانه‌وه‌ زۆر گرنگه‌". 


PM:09:27:18/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 3400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت