سه‌ركرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵ: پێم باش نییه‌ به‌ پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی بڕۆینه‌ به‌غدا


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال
سه‌رۆكی پێشووی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی عیراق پێی باش نییه‌ حزبه‌كه‌ی به‌پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی‌ كوردستان بڕوات بۆ به‌غدا بۆ وتووێژكردن له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عیراق.


ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، سه‌رۆكی پێشووی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند "قه‌ناعه‌تم نییه‌ نه‌ له‌ دوور نه‌ له‌ نزیك له‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌و دوو هێزه‌ به‌شدار بین، چونكه‌ ئه‌وان جێی متمانه‌ نین و ئاماده‌ نیم له‌گه‌ڵ هێزێكی سیاسی كه‌ ساخته‌كاری لێكردبم ئێستا پڕۆژه‌ی له‌گه‌ڵ پێشكه‌ش بكه‌م".

ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید وتی‌: "ئه‌و دوو هێزه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌ خه‌می ئیمتیازاتی خۆیانن ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌می كێشه‌ی كورد نین، بۆیه‌ پێم باش نییه‌ حزبه‌كه‌م له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌ بڕواته‌ به‌غدا".

ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی به‌ڕێوه‌چوو، دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: "پرۆژه‌یه‌كمان بۆ گفتوگۆی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ئاماده‌كردوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پرۆژه‌یه‌كی گشتگیره‌وه‌ بچینه‌ به‌غدا".

وتیشی: "داواكاری خۆپیشانده‌ران له‌ باشوری عیراق ره‌وایه‌و ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ داخوازی خه‌ڵكین بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان".

ئه‌وه‌شیخسته‌روو، كه‌له‌ رابردووشدا هه‌وڵدان بۆ گه‌مارۆدانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بوه‌، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ هه‌ڵبژاردن بشێوێنرێت و عیراقیش به‌ره‌و پێشه‌وه‌ نه‌چوه‌.

هاوكات مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌كه‌دا وتی: "ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌رگای گفتوگۆمان بۆ هه‌موو لایه‌ك كراوه‌یه‌و به‌شداری هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌لامانه‌وه‌ زۆر گرنگه‌".


PM:11:07:16/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 1964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو