فەیسبووک لە عیراق و هەرێمی کوردستان راگیرا


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
بڕیاری راگرتنی فەیسبوک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە عیراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و وته‌بێژی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی هه‌رێمیش رایگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌.


ئومێد محه‌مه‌د عه‌لی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم، بە وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: فەیسبوک و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان له‌ عیراق راگیران كه‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌.

روونیشیكرده‌وه‌: بڕیاری راگرتنەکە كاتییه‌ و به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانی عیراقه‌وه‌یه‌، له‌ ئێستاشدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا له‌ په‌یوه‌ندیدان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هێله‌كانی ئینته‌رنێت بكه‌ونه‌وه‌ كار.


بەگوێرەی زانیارییەكان لەسەر داوای حكومەتی عیراق، تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك و تویتەر و ئینستانگرام  لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەیەكی كاتی راگیراوە په‌یوەندی بە خۆپیشاندانەكانه‌وه‌ هەیە.

رۆژی 8ی ته‌مموزی 2018، خۆپێشاندانەكان لە بەسڕە دژی نەبوونی كارەبا و ئاوی پاك دەستی پێ كرد، پاش ئەوەی پۆلیس و هێزە ئه‌منییەكان تەقەیان لە خۆپێشاندەران كرد، بەوهۆیەوە سێ كەس بریندار بوون و دواتر یەكێك لە بریندارەكان گیانی لە دەست دا، بۆ رۆژی دواتر خۆپێشاندان سەرجەم ناوچەكانی بەسڕەی گرتەوە و بەردەوامی هەبوو.

لە رۆژی پێنجشەممه‌ی رابردوو خۆپێشاندەران چوونە سەر كێڵگەی نەوتی قوڕنە دوو و ئاگریان لە فەرمانگەی بەڕێوەبردنی كێڵگەكە بەردا، بە هەلیكۆپتەر فەرمانبەره‌ بیانییەكانی ناو كێڵگەكە گوازرانەوە، دوێنێ هەینیش خۆپێشاندانەكان زۆربەی شارەكانی باشووری عیراقی گرتەوە و فڕۆكەخانەی نەجەف داخرا و بارەگای نۆ حزب سووتێنران و 40 شەقامی سەرەكی هاتوچۆیان لێ وەستا و 63 كورژاو و برینداریشی لێ كەوتەوە.


PM:05:53:14/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 15858 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو