پۆلیسی سلێمانی له‌سه‌ر ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی چه‌مچه‌ماڵ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات


وێستگه‌ نیوز ـ
پۆلیسی سلێمانی رایگه‌یاند، شەوی رابردوو لە ناحیەی شۆڕشی سەربە قەزای چەمچەماڵ چوار تۆمەتبار دەستگیر كران كە هەستابوون بە تەقە كردن لە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش.


پۆلیسی سلێمانی ده‌شڵێت: "دوای ئەوەی بەفەرمانی دادوەر هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی قەزای چەمچەماڵ دەردەچن بە مەبەستی دەستگیركردنی تۆمەتبار (س، ل، أ) و دوای گەیشتنیان هێزەكان داوا لە تۆمەتبار دەكەن كە خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیس بكات بەڵام ئامادە نابێت خۆی رادەست بكات و كاردانەوەی دەبێت بەوەی بەهاوكاری سێ‌ كەسی تر تەقە لە هێزەكان دەكات و بەو هۆیەوە دوو كارمەندی پۆلیس و پێنج كارمەندی ئاسایش بریندار بوون".

پۆلیسی سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ وێستگه‌ نیوز نێردراوه‌ ئه‌وه‌شی وتووه‌: "پاش ماوەیەكی كورت لە رووداوەكە و بەسەر پەرشتی راستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش توانییان تۆمەتباری سەرەكی و سێ تۆمەتباری تر بەپێی ماددەی 406-31 لەیاسای سزادانی عیراقی دەستگیر بكەن".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: لە ئێستادا بریندارانی رووداوەكە لە نەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن، باری تەندروستییان جێگیرە، لەلایەن بەشی پۆلیسی چەمچەماڵیشەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەی ورد بەردەوامە.

هــ. ر


AM:11:38:09/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 2926 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو