سكرتێری كۆمەڵە: بەتابوتیش بێت دەگەرێمەوە پێشی خۆپیشاندانەكانی ئێران

‌عومەری ئیلخانی زادە سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
عومەری ئیلخانی زادە، سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە یەكێكە لە حزبە كوردییەكانی نه‌یاری كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت: "ئێستا خەریكی ئامادەكاری دەكەین تا حزبەكانی ئێران هاودەنگ و كۆك بین لەسەر بارودۆخی ئێران و هەر پێشهاتێك، لە یەكەمین دەرفەتیشدا دەچینەوە ئێران وەك خۆم ئەگەر بە تابوتیش بێت هەردەگەڕێمەوە و دەچمەوە پێشی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان".


عومەر ئیلخانی زادە، سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە میانەی وتووێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەبارەی رۆڵی حزبە كوردیەكانی ئێران لەناڕەزایی و مانگرتنەكانی ئێران وتی: "ئێمە رۆڵی سەرەكیمان هەیە لەو ناڕەزایەتیانەی كوردستان، تەنانەت چالاكوانانی ئێمە پەیوەندی زۆر باشیان لەگەڵ خەڵكانێك پەیدا كردووە كە كوردنین و ناڕەزایی دەردەبڕن، لەناوچە كوردییەكاندا رۆڵی راستەوخۆمان هەیە لە رێگای رێكخستنەكانمانەوە، لەناوچەكانی دەرەوەی كوردستانیش توانیومانە لە رێگای رێكخستنەكانمانەوە پەیوەندی دروست بكەین لەگەڵ چالاكوانانی مەدەنی شوێنەكانی تر".

وتیشی: "خۆ بەتەنها دۆخی دارایی و داخستنی سنورەكان نیە كە بوه‌تە ناڕەزایی خەڵكی ئێران لەكوردستاندا، خەڵكی ئێڕان هەر دۆخێك دەقۆزرێتەوە بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی رژێمی ئێران ئەم ناڕەزایەتیانە درێژەی دەبێت و ئەنجامیشی دەبێت، تانوپۆی حكومەت لێك هەڵوەشاوەتەوە ئێستا خەڵك بەگشتی لەحاكمی یەك جیابونەتەوە، سیاسەتێك كە ئێران لەدەرەوەی سنورەكان گرتویەتیەبەر هەم وڵاتانی زلهێز فشاری دەخەنەسەر و هەم خەڵكی ناوخۆی ئێران دەڵێ بۆ ئێمە پارەبدەینە حكومەتێك كە لە عیراق و فەلەستین و سوریا سەرفی بكات، واتە ئەو دوو بابەتە یەكی گرتوه‌تەوە، ناڕەزایەتی ناوخۆ و نێونەتەوەیی لەگەڵ ئەو كارە ئاژاوەیی و تیرۆریستیانەی ئێران لەناوچەكەدا دەیكات كاریگەری هەیە لەگەڵ ئەوەشدا گەمارۆكانی ئەمریكا كە هێشتا دەستی پێنەكردووە رۆڵی ئێجگار زۆری هەبووە خەڵك دەیانەوێت لە ستەمی ئێران رزگاری بێت".

بەبڕوای سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ئێران ناتوانێت ئەو ناڕەزایەتیانە سەركوت بكات، وتیشی: "بەدڵنیاییەوە ئێران مەشمولی گۆڕانە دەرفەتی گەورە بۆ ئێمە لەكوردستان دێتە پێش و لەباقی شوێنەكانی دیكەش بەوشێوەیە دەبێت".

عومەری ئیلخانی زادە ئاماژەی بەدۆخی خراپی ژیانی رۆژانەی خەڵك كرد كە بوه‌تە هۆی فراوانبونی ناڕەزایەتیەكانی ئێران و دەڵێت: "گرانكردنی خزمەتگوزاریەكان كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر زیادبوونی ناڕەزایەتیەكانی خەڵك چونكە ئەوە راستەوخۆ لەسەر ژیانی خەڵك پەیوەندی هەبووە دۆخی خراپی ژیانی خەڵك وای لێهاتوە خەڵك نازانێ نانی بەیانی چۆن پەیدا دەكرێت و دزی و گەندەڵیەكە بەڕادەیەك زۆربووە لە ئێراندا كە هەر رۆژەو لەلایەكەوە دەردەكەوێت بۆیە من پێم وایە ئەمانە هەمووی كاریگەری هەیە لەسەر تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتیەكانی خەڵك".

سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان رەتیكردەوە كودەتای سەربازی لەم كاتەدا لە ئێران بكرێت هاوكات رەخنەی لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانیش گرت كە تا ئێستا بەرنامەی جێگرەوەیان نیە بۆ دوای روخانی رژێمی ئێران و وتی: "هێنانی نیزام و كودەتای سەربازی چارەسەر نیە، كێشەكە ئێستا ئەوەیە لە ئێران ئەڵتەرناتیڤی ئۆپۆزسیۆن دیار نیە، هێشتا شكڵی نەگرتووە هەرئەوەش وایكردووە لەماوەی سێ ساڵدا بەردەوام بێت".

عومەری ئیلخانی زادە وتیشی: "ئێستا خەریكی ئامادەكاری دەكەین تا حزبەكانی ئێران هاودەنگ و كۆك بین بۆ ئەو هەلومەرجە، ئێمە هەوڵدەدەین هەموو رێكخستنەكانمان بۆ رۆژێكی وا ئامادەبكەین و هەم هێزی سەربازیمان ئامادەبكەین".

عومەری ئیلخانی زادە سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە كۆتایی وتووێژەكەدا وتی: "یەكەمین دەرفەت بێتە پێش ئەگەر بە تابوتیش بێت دەچمەوە ناو خەڵكەكە و پێشیان دەكەوم بۆ ناڕەزایی و چالاكیەكانیان دژی رژێمی ئێران، كارو پیشەم بۆ ئەوەبووە چل ساڵی تەمەنم بۆ ئەوە داناوە بێگومان بۆ لەمەودواش هەر وادەكەم".

هــ. ر


AM:11:06:06/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 2988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو