ئەو مێردمنداڵەی ماوەی ساڵێک بێلانە بوو ئێستا لای کەسوکارەکەیەتی

‌یوسفی تەمەن 17 ساڵ

وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر رەتیکردەوە کەسانێک ئەرکی بەخێوکردنی یوسف-یان لە ئەستۆ گرتبێت و رایگەیاند، ئێستا لای کەسوکارەکەیەتی.


بەپێی راگەیەنداراوێک کە وێنەیەکی ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، بەڕێوەبەرایەتییەکە بڕیاری داوە، "ئەگەر براكانی نەوجەوانەكە ئەركی بە خێوكردنی لە ئەستۆ بگرن، لەم حاڵەتە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە رووی دارایی و مەعنەویەوە لەگەڵیان هاوكار دەبێت".

وتیشی: "لە كاتی ئامادەنەبوونی براكانی نەوجەوانەكە بۆ بەخێوكردنی، ئەوا وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەركی بەخێوكردنی نەوجەوانەكە لە ئەستۆ دەگرێت و لە خانەی نەوجەوانانی كوڕان، شوێنی گونجاو، خواردن، جلوبەرگ، خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردەیی، دەروونی و كۆمەڵایەتی بۆ نەوجەوانەكە دابین دەكات ئەوە جگە لە بەخشینی بڕە پارەیەك بە شێوەی مانگانە بەو نەوجەوانە".

راشیگەیاند: "لە ماوەی مانەوەی نەوجەوانەكە لە خانەی نەوجەوانان، ئەگەر خۆی و كەسوكاری شوێنەكەیان پێ گونجاو نەبوو، لەو كاتە هەر كەسێك توانا و ئارەزووی بەخێوكردنی هەبێت دەتوانێت لە رێگەی دادگای نەوجەوانان داوای وەرگرتنی بكات و دوای هەڵسەنگاندنێكی ورد، دادگا بڕیاری كۆتایی لە سەر دەدات و شیاوترین كەس بۆ بەخێو كردنی نەوجەوانەكە دەست نیشان دەكات".

یوسفی تەمەن 17 ساڵ، ماوەی ساڵێک لە ژێر زەمینی مزگەوتێکی شاری هەولێردا دەژیا  چونکە بە وتەی خۆی، کەسێکی نەبوو سەرپەرشتی بکات و بیگرێتە خۆی.

یوسف دایک و باوکی نییە، ماوەی ساڵێک بێلایەنە بوو، دوای گیان لەدەستدانی دایکی، بۆ ماوەیەک لەماڵی خوشک و براکانی ماوەتەوە، بەڵام بەوتەی خۆی ماوەی ساڵێکە لەسەر شەقامەکانی هەولێر کاردەکات و زۆرجارییش لەسەر شەقام و پارکەکانی هەولێر ماوەتەوە.

هــ. ر


AM:09:07:26/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 21250 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو