رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماری قوربانیانی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی راگەیاند

‌کۆچبەران لە پێناو ژیانێکی باشتر زێدی خۆیان جێدەهێڵن

وێستگه‌ نیوز ـ
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیانلەدەستدانی 960 پەنابەریان لە دەریای ناوەراست تۆمار کردووە، کە ویستوویانە لەو رێگەیەوە بگەن بە ئەوروپا.


گوێڵ میڵمان، وتەبێژی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ هه‌ینی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: جوڵەی پەنابەران لە دەریای سپی ناوەڕاست لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی پار  بۆ نیوە کەمبوه‌تەوە، پێنج یەکی ئەو جوڵەیەشە کە لە 2016 تۆمار کراوە.

وتیشی: "لە 171 رۆژی سەرەتای ئەمساڵ، 40 ھەزار و 944 پەنابەر لە رێی دەریای ناوەڕاستەوە گەشتوون بە ئەوروپا، ئەو رێژەیەش لە ھەمان کاتی ساڵی پار 84 ھەزار و 675 کەس بووە، لە ھەمان ماوەی ساڵی 2016 ش 215 ھەزار و 997 کەس بووە".

ئاماژەی بەوەشکرد: ژمارەی ئەو پەنابەرانەشی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 21ی حوزه‌یرانی 2018، لای ئەوان گیان لەدەستدانیان تۆمار کراوە، 960 حاڵەتن.

لە کاتێکدا ژمارەی ونبووان و ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە ھەمان ماوەی ساڵی 2017 دا دوو ھەزار و 133 حاڵەت بوون، لە ھەمان ماوەی 2016شدا دوو ھەزار و 911 حاڵەت بوون، واتە سێ ھێندەی ئەو بڕەی ئەمساڵ تۆمار کراوە.

پاش لێشاوی پەنابەرانی 2016، وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا گەشتن بە رێکەوتن سەبارەت بە رێگری کردن لە رۆیشتنی پەنابەران بۆ ئەوروپا، وڵاتانی ناتۆش بەشداری ئەو ھەڵمەتە بوون و لە ئێستادا دەیان کەشتیی و بەلەمی وڵاتانی سەر بە ناتۆ، لە دەریای ئیجە و دەریای سپی، رێگری لە گەیشتنی پەنابەران دەکەن بۆ ئەوروپا.

هــ. ر


PM:11:54:22/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 4196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو