له‌ سبه‌ینێوه‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان ده‌ستپێده‌كات

‌لایەنە سیاسییەکان لە چاوەڕوانی ئەنجامی نوێی هەڵبژاردنەکاندان

وێستگه‌ نیوز ـ
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق کە ئێستا کارەکانی لە لایەن نۆ دادوەرەوە ئەنجام دەدرێت، رێكارەكانی هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی دەستیپێكردو، بڕیاریدا لە سبەینێوە دەوامی فەرمی فەرمانبەرانی كۆمسیۆن بێت و مۆڵەت بە كەس نەدرێت.


ئەو بڕیارانە لە كۆبوونەوەیەكی ئەو نۆ دادوەرەدا هات كەلە جێگەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دانراون، دوای ئەوەی دوێنێ‌ لەگەڵ بەرێوەبەرو لێپرسراوانی كۆمسیۆندا تاوتوێی پرۆسەی هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانیان كرد.

بەپێی بەیاننامەیەكی كۆمسیۆن لە گفتوگۆكاندا تاوتوێی پلانی هەژماركردنەوەی تەواوی دەنگەكانی عیراق كراوە، ئەوەش لە ماوەیەكی دیاریكراودا، بۆیە بڕیاردراوە سبەینێ‌ شەممە 23ی حوزه‌یرانی 2018 دەوامی فەرمی دەستپێبكاتەوە.

هەروەها جەخت لەوەكراوەتەوە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامدا پێدانی مۆڵەت بۆ هەموو فەرمانبەرانی كۆمسیۆن و نووسینگەی نیشتمانی و ئۆفیسی پارێزگاكانی كۆمسیۆن رادەگیرێت تەنیا ئەگەر حاڵەتێكی زۆر بەپەلەو پێویست بێت.

ئەو رێكارانەی كۆمسیۆن دوای ئەوەهات دادگای باڵای فیدراڵی، دوێنێ‌ تەواوی ماددەكانی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراقی پەسەندكرد، تەنیا ماددەی سێیەم نەبێت كە تیایدا هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ئاوارەكان و دەنگدانی دەرەوەی بە نادەستوری ناوبرد.

بەپێی هەمواری یاساكە، تەواوی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو بەدەست جیادەكرێنەوەو جارێكی تر هەژماردەكرێنەوە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان، هەروەها هەر نۆ ئەندامەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەكارەكانیان لادەبرێن و نۆ دادوەر جێگەیان دەگرنەوە.

بەڵام ماددەی سێیەمی هەموارەكە رەتكرایەوەو بە نادەستوری ناوبرا، كە تیایدا دەنگدانی ئاوارەكان، دەرەوە، دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان و جوڵەی دانیشتوانی هەڵوەشاندبۆوە.

هــ. ر


PM:11:01:22/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 4268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو