به‌ ڤیدیۆ.. شادبوونەوەی دایکێک بە کوڕەکەی دوای هەشت ساڵ دووری

‌وێنەکە لە ڤیدیۆکە وەرگیراوە

وێستگه‌ نیوز ـ هەستیار
دیمەنێکی هەستبزوێن لە سلێمانی شادبوونەوەی دایکێک بە کوڕەکەی دوای هەشت ساڵ دووری پیشاندەدات.


رۆژنامەنووس دلێر عەبدوڵا، ڤیدیۆیەکی لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی: "ئەمە دیمەنی دایکمە کە بە شێوەیەکی کتوپڕ، کاوانی کوڕی (یەکێک لە براکانم، کە ماوەی هەشت ساڵە لەیەک دوورین) لە حەوشەی ماڵەکەیدا دەبینێت".

نوسیوویشییەتی: "دایکم، کە پرچی سپی لە دووری دوو کوڕی هۆنیوەتەوە، لەو بەیانییەدا کە تازە خۆر زوڵفی خۆی بەناو شاردا پەخشانکردبوو، بێئاگا چاوەکانی دەچێتە سەر کاوانی کوڕی".

دەشنوسێت "ببینن، دایکم لە حەسرەتا کوڕەکەی ماچ ناکات، ئەو دەیەوێت هەڵیلوشێ و بە یەکجاری لە زگیدا زیندانی بکاتەوە".

دلێر عەبدوڵا بە وێستگە نیوزی راگەیاند: "کاوانی برام 18 ساڵە کۆچی کردووە بۆ ئەوروپا و لە بەریتانیا دەژی".

وتیشی: "لە 2010 و پاش کۆچی دوایی باوکم گەڕایەوە و پاش مانگێک رۆیشتەوە، لەوکاتەوە نەهاتووەتەوە و یەکەم رۆژی جەژن و بێ ئاگادارکردنەوە هاتەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، کاوانی برای لە بەریتانیا هاوسەرگیری کردووە و هاوسەرەکەی لیتوانییە، هەروەها کوڕ و کچێکی هەیە.


ئەوەشی خستەڕوو: ڤیدیۆکە زیاترە، بەڵام پاش چەند چرکەیەک لە بەیەک گەیشتنەکە دایکی لە هۆش خۆی چووەو باری تەندروستی تێکچووە، بەڵام ئێستا باشترە.

هــ. ر


PM:06:04:22/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 19962 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو