به‌ ڤیدیۆ.. دایك و باوكی رامین: فریای کوڕەکەمان بکەون

‌وێنەکە لە ڤیدیۆکە وەرگیراوە

وێستگه‌ نیوز ـ

له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا، كه‌له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، دایك و باوكی رامین داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و لایه‌نه‌ مرۆییه‌كان ده‌كه‌ن به‌ هانای كوڕه‌كه‌یانه‌وه‌ بێن و رزگاری بكه‌ن له‌ په‌تی سێداره‌.

له‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌دا سه‌ره‌تا دایكی رامین ده‌ڵێت: "من دایكی رامین-م، سوپاسی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌م به‌هانای كۆڕه‌كه‌مه‌وه‌ بێن".

هه‌ر له‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌دا باوكی رامین-یش داوای به‌ هاناوه‌چوونی كوڕه‌كه‌ی ده‌كات كه‌ ئێستا له‌ ئان و ساتی له‌ سێداره‌داندایه‌ له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوایین کاتژمێرەکانی شەوی چوارشەممە (30ی جۆزەردانی 2718، له‌گه‌ڵ 20ی حوزه‌یرانی 2018)، چالاکانی مەدەنی شاری سنە بە مەبەستی رێگریکردن لە سزای له‌سێدارەدانی رامین حسێن پەناهی، لە پێش بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە مانیان گرت و دواتر به‌هۆی بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌، پشێوی درووست بوو.

ئه‌وه‌شی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، دوای دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان چەندین چالاکی مەدەنی دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی دوو کەسیان بە ناوەکانی خالید حوسێنی و رەفیق کەریمی، ئاشکرا بووە.

شایەتحاڵان رایانگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کرانی ئەو چالاكه‌ مه‌ده‌نیانه‌ تەقەیان به‌ ئاسماندا کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، راپۆرتی رێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ لە رۆژی رابردووەوه‌ دۆخی شاری سنە بە تەواوەتی به‌سه‌ربازگه‌ کراوە و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە گوندی قروچیای سەر بە شاری دێولان کە زێدی رامین حسێن پەناهییە، بە تەواوەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ دراوە.

رامین حسێن پەناهی، له‌ ساڵی رابردوودا له‌لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراو و لەم ساڵدا کە تەنیا یەک دانیشتنی دادگاییەکەی بەڕیوەچوبوو، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامێتی لە حزبی کۆمەڵە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە کوردە لەحاڵێکدا سەپێندراوە راگەیه‌ندراوە کە ناوبراو هەموو ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی بەتایبەت بەشداری لە شەڕێ چەکدارانە رەتکردووەتەوە و پارێزەری ناوبراویش ئەو سزایه‌ی به‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو و نادادپه‌روه‌رانه‌ ناوبردووه‌.

هــ. ر



PM:02:35:21/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 26618 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو