رای حكومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی خانه‌نشینان بۆ 400 هه‌زار دینار ئاشكرا ده‌كرێت


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌زامه‌ندی نه‌داوه‌ بۆ پێشنیازی لیژنه‌كانی یاسایی و دارایی تایبه‌ت به‌ مووچه‌ی خانه‌نشینان بۆ 400 هه‌زار دینار، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌بنه‌وه‌.


دلێر مسته‌فا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند كه‌ "په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی پێویستی به‌ڕێككه‌وتنی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌".

دلێر مسته‌فا وتی‌: "حكومه‌ت ره‌زامه‌ند نه‌بووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پێشنیازی لیژنه‌كانی یاسایی و دارایی بۆ مووچه‌ی خانه‌نشینان بۆ 400 هه‌زار دینار و وتویه‌تی بۆی جێبه‌جێ ناكرێت".

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ده‌بێت جارێكی دیكه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان بۆ تاووتوێی پڕۆژه‌كه‌ كۆببنه‌وه‌".

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرد، سه‌ره‌تا پڕۆژه‌كه‌ په‌سه‌ند كرا، به‌ڵام به‌هۆی مووچه‌ی خانه‌نشینی پله‌ باڵاكان كه‌ چوار ملیۆن دینار بوو ناڕه‌زایی زۆری لێكه‌وته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانیش پڕۆژه‌ یاساكه‌ی واژوو نه‌كرد و گه‌ڕاندیه‌وه‌ بۆ هۆڵی په‌رله‌مان.


PM:06:17:18/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 11744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو