ئێران محەمەد سەڵاس دەروێشی لەسێدارەدا

‌محەمەد سەڵاس دەروێشی گونابادی

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرەڕای ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و جیهانی و داواکاری بۆ راگرتنی سزای لەسێدارەدانی محەمەد سەڵاس دەروێشی گونابادی، به‌ڵام بەیانی ئه‌مڕۆ دووشەممە 18ی حوزەیرانی 2018 لە گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج لەسێدارەدرا.


رۆژی هەینی لە زیندانەوە پەیوەندی بە بنەماڵەی محەمەد سەڵاسەوە کرابوو کە رۆژی یەکشەممە بۆ دوایینجار بچن چاویان پێی بکەوێت.

محەمەد سەڵاس، بەوە تۆمەتباربوو کە لەکاتی ناڕەزاییەکانی زستانی رابردووی دەروێشەکانی گونابادی لە تاران، بە پاس هێرشی کردووەتە سەر  هێزە ئەمنییەکان و سێ کارمەندی ئەو هێزانەی کوشتووە. ئەگەرچی پارێزەرەکانی محەمەد سەڵاس و لایەنگرانی مافی مرۆڤ گومانیان لەوە هەبوو ناوبراو ئەو تاوانەی ئەنجامدابێت.

محەمەد سەڵاس خۆیشی لە چەند تۆمارێکی دەنگیدا کە لە زیندانەوە ناردبوونیە دەرەوە، وتبووی: "ئەو  ئەنجامدەری ئەو تاوانە نەبووە و پێشتر لەژێر ئەشکەنجەدا ناچارکراوە دان بەو تاوانەدا بنێت".

جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر محەمەد سەڵاس لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا رێکخراو و لایەنگرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و دەرەوەی ئێران بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەوڵێکی زۆریان دا و فشارێکی زۆریان بۆ راگرتنی لەسێدارەدانی ناوبراو دروستکرد. رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و کۆمەڵێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپاش داوایان لە ئێران کرد لەسێدارەدانی محەمەد سەڵاس رابگرێت.

لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر محەمەد سەڵاس، مەترسیی لە سێدارەدانی بەندکراوی کورد رامین حوسێن پەناهیش زیاتر دەبێت.

رامین حوسێن پەناهی لە یەکەم رۆژی هاوینی ساڵی 2017 لە نزیک شاری سنە لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستگیرکرا، دوای ماوەیەک بێسەروشوێن بوون لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و ئێستا لە گرتووخانەی سنە راگیراوە.

پێشتریش ده‌سه‌ڵاتدارانی گرتووخانه‌كه‌ به‌ رامین حسێن-یان راگه‌یاندبوو دوای مانگی ره‌مه‌زان له‌ سێداره‌ ده‌درێت.

هــ. ر


PM:01:35:18/06/2018






ئه‌م بابه‌ته 33186 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو