ئەندامانی سوپای پاسداران دەستدرێژی بەکۆمەڵیان کردووەتەسەر سێ ژن


وێستگه‌ نیوز ـ
لە نزیک شاری ورمێی سەر بە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیانکردووەتە سەر بنەماڵەیەک و دەستدرێژی بەکۆمەڵیان بۆسەر سێ ئەندامی ئەو بنەماڵەیە ئەنجامداوە.


بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر و لە نزیک گوندی مەحمود ئاوای سەر بە شاری ورمێ، پێنج ئەندامی سوپای پاسداران بە چەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەیەک و بێڕێزیان پێکردوون.

رێكخراوه‌كه‌ ئاماژی بەوەش کردووە، هێرشبەران پیاوەکانی ئەو بنەماڵەیان بە دارێکەوە بەستووەتەوە و لە بەرچاوی‌ خۆیان دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر دایک و خوشک و تازەبووکێکی ئەو بنەماڵەیە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو بنەماڵەیە لە نەتەوەی ئازەری و دانیشتووی شاری ورمێ بوون و بەمەبەستی گەشتوگوزار سەردانی ئەو ناوچەیان کردووە و شەو لەوێ ماونەتەوە.

هەروەک هێرشبەرانیش بەڕەچەڵەک ئازەرین و دانیشتووی گوندی حەسار سەر بە پارێزگای ورمێ بوون کە لە کاتی هێرەشەکەیاندا خۆیان بە ئەندامانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناساندووە.

بە پێی بەدواداچوونێکی هەنگاو ناسنامەی چوار کەس لە هێرشبەران ئاشکرا بووە کە ئەندامی فەرمی بنکەیەکی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران ئێران بوون و ئەو چەکانەشی کە لەو هێرشەدا بەکارهاتوون هی ئەو هێزە بوون.

یەکێک لە دانیشتووانی گوندی حەسار کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە هەنگاوی راگەیاندووە، "ئەو تاوانە بە ئەنقەست و بە مەبەستی بەدناوکردنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و نانەوەی ناکۆکی و ئاژاوە دروستکردن لە نێوان نەتەوەکانی کورد و ئازەری لەو ناوچەیە ئەنجامدراوە".

شایەنی باسە پاڕێزگای ورمێ یەکێکە لە پارێزگا گەورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە زۆربەی دانیشتووانەکەی لە دوو نەتەوەی کورد و ئازەرین.

هــ. ر


PM:05:00:17/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 15922 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو