جوان ئیحسان: هەڵوێستی عیراق بەرامبەر له‌شكركێشی تورکیا شەرمنانەیە

‌د. جوان ئیحسان

وێستگه‌ نیوز ـ
جوان ئیحسان سەرۆکی لیستی‌ یەکێتیی نیشتمانیی‌ کوردستان لە سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر بچنە بەغدا کار دەکەن تا رای گشتی پارتە عیراقییەکان رابکێشن بۆئەوەی، کە دەستدرێژیی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی عیراق باشوری کوردستان رابگرن.


د. جوان ئیحسان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و سەرۆکی لیستی یەکێتی لە سلێمانی بۆ پەرلەمانی عیراق له‌ دیدارێكی ئاژانسی فورات نیوزی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌، وتی‌: "لە هەڵبژاردندا جەختیان لە  هەرێمی‌ کوردستان لە رووی جواگرفی، سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە کردووەتەوە تا گرنگی ناوچەیی‌ هەرێمی‌ کوردستان زیاتر بخەنەڕوو. بۆ ئەوەش لە رووی ئەمنی، سیاسی و سەربازییەوە کار دەکەن بۆ بەهێزکردنی‌ پێگەی‌ هەرێم، هاوکات گرنگی‌ بە ژنان، گەنجان، خزمەتگوزاری، ژینگەپارێزی، کلتوری رۆشنبیری، مافی‌ فەرمانبەران و مووچەخۆران دەدەن".

بە وتەی‌ جوان ئیحسان، بابەتی‌ پاراستنی‌ پێگەی‌ کورد لە عیراق لە هەموو خاڵەکانی‌ تر زیاتر بۆ ئەوان گرنگە، چونکە لە ناو عیراقدا دەژین و لەدوای رووداوەکانی ریفراندۆمیش دەرکەوت، هاوکێشەی سیاسی لە عیراقدا دەی‌ێت کوردی تیا بێت و دەبێت بۆ ئەوەش یەکێتی سیاسەتێکی روونی هەبێت و لەسەر ئەو شێوازەی پێشتری بڕوات کە لەسەری رۆێشتووە، لەبەر ئەوەی ئەو شیوازە لە سیاسەت، کە یەکێتی هەڵبژاردوە لەگەڵ عیراقدا راستە.  

لەبارەی‌ چۆنیەتیی‌ راگرتنی‌ دەستدرێژییەکانی‌ تورکیا بۆ سەر باشووری‌ کوردستان وتیشی‌، "تورکیا بەهۆی رێکكەوتنی پێشتری‌ کە لەگەڵ رژێمی‌ سەدام حسێن و هەروەها ئێرانیش دەستتێوەردانی سیاسی و سەربازی دەکەن لە عیرقدا. تورکیا بەپێی‌ ئەو رێککەوتنە دێتە ناو خاکی عیراقەوه‌ بۆ هێرشکردنە سەر پارتە ئۆپزسیۆنە کوردییەکانی دژ بە تورکیا بە تایبەتیش پەکەکە، بەڵام ئێستا تورکیا رێگای پێدراوە کە 200 کێلۆ مەتر بێتە ناو خاکی عیراقەوە و ئێستا بە کردار ئەوە دەکات و عیراقیش بۆچوونی شەرمنانەی هەیە بەرامبەر ئەم داگیرکارییە، ئێمە ئەگەر بچینە بەغدا کار دەکەین تا رای گشتی دروست بکەین بۆ ئەوەی لە پەرلەمان بە گوێرەی یاسا سنوورێک دابنرێت و لە رێگای نێودەوڵەتییەوە کار بکەین بۆئەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا لە سەر عیراق و خاکی کوردستان رابگرین، چونکە ئەوە بۆ ئێمە چەند بابەتێکی‌ نەتەوەیی‌ بێت بۆ عیراقیش بابەتیکی عیراقیە".

جوان ئیحسان لە بەشێکی‌ تری‌ قسەکانیدا وتی‌، "نەک تەنها لەناو کورد، بەڵکو لە ناو هێزە سیاسییەکانی عیراقێشدا روئیای جیاواز هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردی لە ناو عیراقدا، کێبڕکێی سیاسیش لە سەر ئەم بابەتە زۆر مەترسیدارە، بناغەی دروستبوونی پارتی سیاسی بۆ رێكخستنی کۆمەڵگایە بۆ ئەوەیە کە هەست بە کێشەیەک دەکات و فکری خۆ پیشکەش دەکات بۆ ئەوەی چارەسەی ئەو کێشەیە بکات، ئەگەر کێبڕکێ بۆ ئەوە بکرێت باشە، بەڵام ئەگەر حزبە سیاسییەکان کێبڕکێ بکەن لەسەر کێشە گەورەکە، کە ئەویش کیشەی نەتەوەییە و بەشێوەیەكی خۆپەرستانە بیری لێبکەنەوە و سیاسەت بکەن ئەوە مەترسیدارە، بۆیە دەبێت هێزە کوردییەکان کێبڕکێ لەسەر ئەوە بکەن، کە کامیان زیاتر دەتوانێت بەرنامەکەی بۆ ئەم هەڵبژاردنە بخاتە خزمەتی هەرێمەوە، ئەگەر ئەوە نەبێت، نە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و نە هیچ هێزیکی تری سیاسیی عیراقی و کوردی ناتوانێت هاوسەنگیی سایسی و خزمەتگوزاری بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر وا نەبێت ئەوەش بە واتای ئەوە دێت بە خۆپەرستیی سیاسی زەرەرمان لە هەرێمی کوردستان داوە".

سەرۆکی‌ لیستی‌ یەکێتی‌ ئاماژەی‌ بەوەشکرد، تا مام جەلال لە ژیاندا مابوو و سەرۆک کۆماری عیراق بوو کورد هێزیکی زۆری هەبوو هەموو فراکسیۆنەکان بە تایەتێش فراکسێۆنە کوردییەکان بە هێز بوون و ئەو کاتە کاتێکی زێڕین بوو بۆ کورد لە عیراقدا، بەڵام لە دوای‌ نەخۆشکەوتنی‌ مام جەلالەوە، دۆخەکە بۆ کورد بەرەوتێکچوون رۆیشت و حاڵەتێکی پەرشوبڵاوی لە ناو فراکسیۆنە کوردییەکان و پەرلەمانتارەکان دروست بوو و ئەوەش وایکرد، گەڕانەوە بۆ دواوەو دروست بێت.

جوان ئیحسان لەبارەی‌ گرنگی بەستنی‌ کۆنگرەی‌ نەتەوەیی‌ کورد لە ئێستادا رایگەیاند، ئەو رەوشە سیاسییە ئاڵۆزە، کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە هۆکارە بۆ ئەوەی‌ تا ئێستا کۆنگرەی‌ نەتەوەیی‌ نەبەسترێت. چونکە خۆپەرستیی لایەنێکی سیاسیی باشووری کوردستان بووە هۆکار بۆ ئەوەی کۆنگرەی نەتەوەی نەبەسترێت، ئەو شێوازە بیرکردنەوە خۆسەپێنەرانە لە بڕیاردا لە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا نییە، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بڕوای بە ڕیککەوتن و لەیەک تێگەیشتنە، بەڵام بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی تا ئێستا کۆنگرەی نەتەوەیی نەبەسترێت، چونکە پارتی دەیەوێت هەر خۆی سەرۆک بێت هەر خۆی بڕیار بدات. ئەمەش نابێت. لەبەر ئەوەی‌ هەر پارچەیەکی کوردستان خاوەن تایبەتمەندیی خۆیانن، بۆیە نەکرێت ئێمە بڕیاری خۆمان بەسەریاندا بسەپێنین. ئەو جۆرە رەفتا و ئوسلوبە زۆر مەترسیدارە.

لەبارەی‌ بەشداری‌ نەکردنی‌ لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست لە هەڵبژاردنی‌ کەرکوکدا ئەوەی‌ خستەڕوو، "ئێمە وەک یەکێتی داوامان کرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک کە بەیەک لیست بەشداربن، بەڵام پارتی هەر رەتی کردەوە، کە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بێت لە عیراقدا و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پارتی جەماوەری لە کەرکوکدا نییە و گوتاری نەتەوەیی ئەوان ئەوندەی حزبیە ئەوه‌ندە نەتەوەیی نییە. ئەو حزبە سیاسییانەشی کە ئێستا دروست بوون بە هەڵە لە ئۆپۆزسیۆن بوون تێگەیشتوون وا دەزانن دەبێت بۆ هەموو شتی بڵێیت نا سوودی هەیە. ئەوانە هەمووی هەڵەیە دەبوو کورد لە کەرکوک بە یەک لست بەشداریی بکردایە".

سەرۆکی‌ لیستی‌ یەکێتی‌ لە بارەی‌ رێککەوتنی‌ ستراتیژیی‌ نێوان یەکێتی‌ و پارتی-یەوە وتی‌، رێککەوتنی ستراتیژی لە ساڵی 2014 بە شێویەكی کرداری هەڵوەشاوەتەوە، چونکە فێلی زۆری تیادا کرا. بە تایبەتی پێش هەڵژاردنەکانی هەرێم. بۆیە هەست بەوەکرا ئەو رێککەوتنە بۆ ماوەیەک بوو و ئیتر بۆ ئێستا واتای نەماوە، بەڵکو ئێستا گۆڕاوە بۆ لێکتێگەیشتنی سیاسی. هیچ ئەو رێککەوتنە هیچ گرنگیکی نەماوە بۆ ئەم قۆناغە، بەڵکو پارتی نوێ لە گۆڕپانەکەدان و پارتی عیراقیش هەن، چونکە ئێمە لە چوارچێوەی عیراقدا دەژیین".

هــ. ر


PM:09:58:05/05/2018


ئه‌م بابه‌ته 5769 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو