حكومەت پەیامێکی ئاراستەی کرێکاران كرد


وێستگه‌ نیوز ـ
حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک ئاراستەی کرێکاران دەکات و رایدەگەیه‌نێت، کرێکاران توێژێکی زیندووی خاوەن رەنج و بەرهەمهێنن، له کوردستانیش رۆڵی گرنگ و کاریگەریان لە پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا هەیە. بەڵێنیش دەدات ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کرێکاران درێخی نەکەن.


لە پەیامەکەدا کە بەبۆنەی یەکی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکارانەوە بڵاویکردووەتەوە، حکومەت پیرۆزبایی لە کرێکارانی کوردستان و جیهان کردووە، ئەم رۆژەشی لە مێژووی کرێکاران بە رۆژێکی پڕشەنگدار و پڕبەها بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانیان وەسفکردووە.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە رۆڵ و پێگەی ئەم توێژەی کۆمەڵگەکەمان دەڕوانێت و پەرۆشی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازیەکانیانە، هەوڵی جددی دەدات بۆ باشترکردنی گوزەران و رەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری و مافەکانیان، هانی کەرتی تایبەتیش دەدات کە بە پشتیوانی و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، رەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەکانی کرێکار بکەن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەبەردەم پێداویستییەکانی کرێکاران و رەخساندنی کەش و ژینگەی کار لە ئاستێکی شیاوی سەردەمیانەدا".

حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشیکردن لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن و پشتیوانییان لە ماف و داخوازییەکانی کرێکاران، هیوادارە کاری زیاتر لە خزمەتی خواستەکانیاندا بکەن و بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی لە هەوڵ و کۆششیان بەردەوامبن، بەڵێنیش دەدات هه‌رچی بكه‌وێته ئه‌ستۆی‌ حكومه‌ت، درێخی‌ ناكات.

بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، دیاریکردنی 1ی ئایار وەک رۆژێکی تایبەت بە کرێکاران، پەیوەستە بە خۆپیشاندانەکەی 4ی ئایاری 1886ی کرێکاران بۆ کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کارکردن بۆ هه‌شت کاتژمێر لە شیکاگۆی ئەمریکا، کە لەو خۆپیشاندانەدا تەقینەوەیەک روویدا و ژمارەیەک کرێکار گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەکە، لە ساڵی 1889 لە پاریس کۆنگرەی نێودەوڵەتی دووەم یان پارتە کرێکاری و سۆشیالستەکان بەسترا، لە کۆنگرەکەدا داوای خۆپیشاندانی جیهانی کرا لە 1ی ئایاری 1890 دا بۆ بەرزڕاگرتنی خۆپیشاندانەکەی کرێکاران لە شیکاگۆ. لە ساڵی1891ـیشەوە 1ـی ئایار وەک رۆژی کرێکاران دیارکرا و، ساڵانە یادی ئەو رۆژە وەک رۆژی جیهانیی کرێکاران دەکرێتەوە.

دەقی پەیامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆز ده‌كات

بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین. ئەم ڕۆژە لە مێژووی کرێکاراندا ڕۆژێکی پرشنگدار و پڕ بەهایە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانیان. کرێکاران توێژێکی زیندووی خاوەن ڕەنج و بەرهەمهێنی کۆمەڵگاکانیانن، له کوردستانیش ڕۆڵی گرنگ و کاریگەریان لە پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا هەیە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و پێگەی ئەم توێژەی کۆمەڵگاکەمان دەڕوانێت و پەرۆشی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازیەکانیانە، هەوڵی جددی دەدات بۆ باشترکردنی گوزەران و ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری و مافەکانیان، هانی کەرتی تایبەتیش دەدات کە بە پشتیوانی و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، ڕەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەکانی کرێکار بکەن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەبەردەم پێداویستییەکانی کرێکاران و ڕەخساندنی کەش و ژینگەی کار لە ئاستێکی شیاوی سەردەمیانەدا.

وێڕای دەستخۆشیمان لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن و پشتیوانییان لە ماف و داخوازیەکانی ئەم توێژە گرنگه‌ی کۆمەڵگا، هیوادارین کاری زیاتر لە خزمەتی خواستەکانیاندا بکەن و بە شێوەیەکی مەدەنی و یاسایی  لە هەوڵ و کۆششیان بەردەوام بن، هه‌رچیش بكه‌وێته ئه‌ستۆی‌ حكوومه‌ت، درێخی‌ ناكات.

بەرز و پیرۆز بێت یەکی ئایار، رۆژی جیهانیی‌ کرێکاران.

ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

1-5-2018

هـ. ر


AM:11:27:01/05/2018


ئه‌م بابه‌ته 1448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو