پـێکهاتەکانی‌ کەرکوک: ئەم هەڵبژاردنە قورسایی‌ نەتەوەکان دەردەخات

‌هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکوک

وێستگه‌ نیوزـ

پێکهاتەکانی‌ کەرکوک و ناوچە جێناكۆكه‌كان ئامادەکاری‌ دەکەن تا لەم هەڵبژاردنەدا قورسایی‌ خۆیان دەربخەن، بەشێکیشیان پێیانوایە ئەم هەڵبژاردنە قورسایی‌ و پێگەی‌ نەتەوەیی‌ پێکهاتەکان دەردەخات.

محەمەد سعود، بەرپرسی‌ بەرەی‌ تورکمانی‌، بەدەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند"ئەم هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنە لەدوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ بەعسەوە، کە پێکهاتە و نەتەوەکان لەرێگەیەوە قورسایی‌ خۆیان دەزانن."

لە هەڵبژاردنەکانی‌ پێشوتردا کورد زۆرینەی‌ کورسییەکانی‌ ناوچە جێناكۆكه‌كانی بەدەستهێناوە، عەرەب و تورکمانیش کوردیان بەساختەکاری‌ تۆمەتبارکردووە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدا ئەنجام دەدرێت کەئەو ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵی‌ هێزە عیراقیەکاندایە.

رەملە حەمید، کاندیدی‌ عەرەبی‌ سوننە لەکەرکوک، بەدەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند"لەم هەڵبژاردنەدا عەرەبی‌ سوننە بۆ یەکەمجار بە قورساییەکی‌ زۆرەوە بەشداری‌ دەکات."

وتیشی‌"عەرەبی‌ سوننە هەڵەکانی‌ رابردوو دووبارە ناکاتەوە، کەوەکو پێویست بەشداری‌ هەڵبژاردنی‌ نەکردبوو."

جوان حەسەن، سەرۆکی‌ لیستی‌ یەکگرتوی‌ ئیسلامی‌، بەدەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند"عەرەب و تورکمان بانگەشەی‌ ئەوە دەکەن کورد کەمینەیە لە کەرکوک و ئەم هەڵبژاردنە کەمینە بوونی‌ کوردەکان دەردەخات، بۆیە ئێمە دەمانەوێت کوردەکان رازی‌ بکەین دەنگ بدەن و ئەم بانگەشە پوچەڵ بکەنەوە."

وتیشی‌"بانگەشەی‌ تورکمان و عەرەب بۆ کەمینە بوونی‌ کورد، دەنگدەری‌ کوردی‌ توڕەو نیگەران کردووە و ئەوانەشی‌ پێشتر ویستبویان دەنگ نەدەن، رەنگە دەنگ بدەن."

گرفتی‌ ناوچە جێناكۆككان، کە هەریەک لە کورد و عەرەب و تورکمان خۆیان بە خاوەنی‌ دەزانن، تا ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدادا بە هەڵپەسێردراوی‌ ماوەتەوە.


PM:11:32:25/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 1812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو