هه‌وڵی ده‌ركردنی پاسه‌وانه تایبه‌ته‌كه‌ی بن لادن لە ئه‌ڵمانیا ده‌درێت
وێستگه نیوز -
حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند كه هه‌وڵ ده‌دات پاسه‌وانی تایبه‌تی ئوسامه بن لادن سه‌رۆكی پـێشووی رێكخراوی قاعیده كه له وڵاته‌كه‌یاندا په‌نابه‌ره، ڕه‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆی كه تونسه بكاته‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه هارالد نێمانز وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی فیدراڵی ئه‌ڵمانیا وتی: "هه‌وڵ دراوه بۆ ده‌ركردنی پاسه‌وانی تایبه‌تی ئوسامه بن لادن و به‌م زووانه تیمی كاری وه‌زاره‌ته‌كه‌مان تاووتوێی كه‌یسه‌كه ده‌كات".
له لایه‌كی دیكه حكومه‌تی هه‌رێمی ڕاینی باكور- وێستفالیا له وه‌ڵامی بۆ داوایه‌كی پارتی ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ ئه‌ڵمانیا، وتی: "ناكرێت (سامی ئا.) ڕه‌وانه‌ی تونس بكرێته‌وه، چونكه پێده‌چێت له‌وێ رووبه‌ڕووی ئه‌شكه‌نجه‌دان ببێته‌وه".
ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێت وڵاتی تونس به‌ڵێنی دیپـلۆماسی پـێبدات، ئه‌ویش ئه‌گه‌ربێت و سامی ڕه‌وانه‌ی تونس بكرێته‌وه ئه‌وا له‌وێ دووچاری ئه‌شكه‌نجه‌دان نابێت.
سامی ته‌مه‌ن 42 ساڵ له ساڵی 1997 رووی له ئه‌ڵمانیا كردبوو وه‌ك خوێندكارێك. پاشان له نێوان هه‌ردوو ساڵی 1999 و 2000دیارنه‌ماوه، ئه‌مه‌ش ئه‌و ماوه‌یه‌یه كه له بنكه‌كانی مه‌شق و راهێنانی قاعیده له ئه‌فغانستان بووه به‌ر له‌وه‌ی ببێته پاسه‌وانی تایبه‌تی بن لادن.
پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌ڵمانیا و بووه‌ته جێی گومانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئه‌ڵمانیا، بۆیه خراوه‌ته ژێر چاودێرییه‌وه. ساڵی 2009 ده‌زگای فیدراڵی ئه‌ڵمانیا بۆ نه‌هێشتنی تاوان ده‌ستگیری كرد پاش ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی قاعیده‌ی به ئۆتۆمبیله‌كه‌ی گواستبووه‌وه.
هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی له وڵاته‌كه‌یاندا بۆ درێژ ناكه‌نه‌وه، به‌ڵام موچه‌ی په‌نابه‌ری بۆ خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی و چوار منداڵه‌كه‌ی بڕیوه‌ته‌وه.
به‌پـێی میدیاكانی ئه‌ڵمانیا مانگانه زیاتر له 1167 یورۆ مووچه به‌خۆی و خێزانه‌كه‌ی ده‌درێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك یارمه‌تی دیكه كه ده‌زگا فه‌رمیـیه‌كان به‌پـێی یاسا ناتوانن ئاشكرای بكه‌ن، چونكه په‌یوستن به تایبه‌تمه‌ندی خێزانییه‌وه.
PM:09:43:25/04/2018
ئه‌م بابه‌ته 3768
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت