بڕیارێك بۆ هەزاران خەڵك دەردەچێت


وێستگه‌ نیوز ـ
بەرپرسێكی باج ئاشكرای دەكات، ئەوەی باجی دەرامەتی حكومەتی لابێت بەر لە چەند مانگێك لێحۆش بوونی بۆ دەكرێت و غەرامە نایگرێتەوە.


شێرزاد فەتاح، بەرێوەبەری باجی دەرامەت بە هه‌فته‌نامه‌ی باسی نزیك له‌ پارتی راگه‌یاند: ئەوەی باجی لەسەر بێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو بیدات بە بێ غەرامە دەبێت.

وتیشی: "ئەوانەی باجی دەرامەتیان لە لایە و نەیانداوە لەو دوو مانگە بیدەن ئەوە هیچ غەرامەیەكیان لێوەرناگیرێت، بەڵام دوای 1ی 7ی 2018 جگە لە پارەكانی خۆیان غەرامەشیان لێوەردەگیرێت".

ئاماژەی بەوەدا غەرامەكە لە 10% دەبێت، وتی: "ئەگەر هاوڵاتیان لەو دوو مانگە باجەكانیان بدەن ئەوە قازانجیانە چونكە هیچ بڕە پارەیەكیان وەكو غەرامە لێوەرناگیرێ واتا 10% پارەی كەمتریان بۆ ئەژمار دەكرێ".

لە ساڵی رابردوودا بە  بڕیاری  ژمارە 115ی ساڵی2017ی سەرۆكایەتی  ئەنجوومەنی وەزیرانی  هەرێمی كوردستان  بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لەو سزاو سوودانەی كە كەوتۆتە ئەستۆی هاوڵاتیان بە هۆی كەمتەرخەمی نەدان و دواخستنی باج  بۆ ساڵانی پێشوو بە مەرجێك باجە رەسەنەكە لە ماوەی (90 رۆژدا) بدرێت بۆیە ئەوەی تا مانگی 12ی  ساڵی رابردوو باجی خۆیدا، بەر ئەو لێخۆشبوونە كەوت.

شێرزاد ئەوەی خستەڕوو باجی دەرامەت چەندین شوێن دەگرێتەوە لەوانە" كۆمپانیاكان و كارگەكان و ئەو كەسانەی دوكاندارن و ئۆتۆمبێلیان بە ناوە، ئەو بڕیارە خانووبەرە و موڵك و زەوی ناگرێتەوە".

جەختی كردەوە ئەو بڕیارەی دراوە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیانە بۆ ئەوەی لەو ماوەیە باجەكانیان بدەن بە بێ هیچ غەرامە و پارەیەكی زیادە.

وتیشی: "بە گشتی باجی دەرامەت لە پیشەیەك بۆ پیشەیەكی تر جیاوازە و باجێكی تایبەتی خۆی هەیە وەك یەك نین، هەیە هەر باجی لێوەرناگیرێت بۆ نمونە كەسێك لە ساڵێك شەش ملیۆن قازانجی هەبێت هیچ باجێكی لێوەرناگیرێت، بەڵام لەوە زیاتر بێت بە پێی رێكارەكان باجی لێوەردەگیرێت و هەركەس بە پێی پیشەكەی خۆین واتا چەند قازانجی زیاتر بێت باجەكەی زیاتر دەبێت".

بە پێی زانیاریەکان 250 هەزار كەس لە باجی  دەرامەت لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون و باجیان لێوەردەگیرێت كە پێكهاتوون لە دوكاندار و كۆمپانیاكان و خاوەنی كارگە و خاوەنی مەكایینی قورس وەك شۆفەڵ و گەڵابە و شتی تر.

بەرێوەبەری باجی دەرامەت روونیشی كردەوە ئەو كەسانەی تۆماركاون لایان دەبێت ساڵی جارێك باج بدەن، ئەو باجەش ئەو ساڵ وەردەگیرێت هی ساڵی 2017 لە ساڵی 2019 باجی 2018 وەردەگیرێت.

هــ. ر



AM:10:09:24/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 8438 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو