سەرحەد قادر:كەركوك زۆر لە موسڵ پیرۆزترە

‌‌عەمید سەرحەد قادر

سەرحەد قادر: بە قەناعەتی من كەركوك زۆر لە موسڵ پیرۆزترە
دەبوو بەزووترین كات لیواكانی پێشمەرگە یەكبخرانایە
وێستگە نیوز-

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركوك رایدەگەیەنێت "نازانم وەزیری پێشمەرگە و ستافەكەی ئیشیان چییە؟، ئایا ئیشیان هەر ئەوەیە ماوە بە ماوە بە چاكەت و ریباتەوە خۆیان عەرز بكەن بەناوی كۆبوونەوە، ئەگینا ئیشی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەبوو بەزووترین كات جارێكی دیكە پێداچوونەوەی بكردایەتەوە"، بۆ بایكۆتی پارتیش لە هەڵبژاردن لە كەركوك دەڵێت "بەڕای خۆم زۆر خراپە و دەبوو بەشداری بكردایە".

عەمید سەرحەد قادر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی وێستگە نیوز، باسی دۆخی ئەمنی ئێستای پارێزگای كەركوك و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و دۆخی ئەو كەسانە دەكات كە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر روویان لە كوردستان كردووە.

وێستگە نیوز: دۆخی ئەمنی كەركوك چۆنە؟

عەمید سەرحەد قادر: دۆخی ئەمنی كەركوك زۆر خراپە، ناو قەزای حەویجە و ناحیەكانی زاب و عەباسی و رەشاد و ریاز راستە هێزە عیراقییەكانی لێیە، بەڵام دەرەوەی ئەو شوێنانە چەكدارانی داعشی لێیە، كەم شەو و رۆژ هەیە هێرش نەكەنە سەر هێزە ئەمنییەكان و خەڵك دەكوژن، ماڵ دەتەقێننەوە و هەڕەشە لە خەڵك دەكەن، زۆر بە ئاشكرا هێزەكان لەو سنورەدا دەبینن، میدیاش وەكو پێویست نەیتوانیوە ئەوانەی لەو سنوورەدا روودەدات بگوازێتەوە، لەناو شاری كەركوك ئوتومبیل تەقیوەتەوە لەم هەفتەیەدا.

لەڕووی دزی و رفاندن و سەرانە وەرگرتن بۆتە دیارە، هێزەكان نەیانتوانیوە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن، بەڵام دۆخی كەركوك بەو شێوەیە نامێنێتەوە گۆڕانكاری زۆر گەورە روودەدات، ئەو كەموكوڕییانەی هەیە ئەو هێزانە نەیانتوانیوە رەوشی ئەمنی جێگیر بكەن و زۆرینەی خەڵكیش ئەو هێزانە بە هێزی خۆیان نازانن، هەرچەندێك هێزی ئەمنی ئیمكانیەتی هەبێت، بەڵام ئەگەر هاوڵاتی هاوكاری نەبێت بۆ پێدانی زانیاری، ناتوانێت رەوشی ئەمنی جێگیر بكات.

وێستگەنیوز: ئەگەر گۆڕانكاری بكرێت، ئەوانە بڕەوێنێتەوە كە باستكردن، گۆڕانكارییەكە بە چ شێوازێك دەبێت؟
عەمید سەرحەد قادر: گۆڕانكارییەكە لەڕووی سیاسییەوە دۆخی كەركوك یەكلایی دەبێتەوە.

وێستگە نیوز- مەبەستت هەڵبژاردنە؟

عەمید سەرحەد قادر: بەقەناعەتی من هەڵبژاردن ئەو گۆڕانكارییەی پێناكرێت، لەڕووی سیاسییەوە لەگەڵ حكومەتی عیراق بەشێوەیەك لە شێوەكان بگەنە رێككەوتنێك و هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان بگەڕێنەوە، پاشان ئیدارەیەكی هاوبەش  و هێزی هاوبەش دروست بكرێت ئەوە دەتوانرێت چارەسەر بكرێت.
ئەو دۆخەی ئێستا وا بۆتە زیاتر لە شەش مانگ زۆری خایاند و تائێستا كورد نەیتوانیوە ناوی بنێین شكست، هەڵاتن، خیانەت، هەر ناوێكی لێ بنێین، كورد نەیتوانیوە پێداچوونەوەیەك بە خۆیدا بكاتەوە و خۆی رێك بخاتەوە.

تائێستا لیواكانی پێشمەرگە یەكنەخراونەتەوە و بێمتمانەیی لەنێوان دوو هێزە سەرەكییەكە هەیە، ئەمانە دەبێت چارەسەر بكرێن، من نازانم وەزیری پێشمەرگە و ستافەكەی ئیشیان چییە؟، ئایا ئیشیان هەر ئەوەیە ماوە بە ماوە بە چاكەت و ریباتەوە خۆیان عەرز بكەن بەناوی كۆبوونەوە، ئەگینا ئیشی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەبوو بەزووترین كات جارێكی دیكە پێداچوونەوەی بكردایەتەوە.

داعش رێكخراوێك بوو كە هات راستە شەڕی لە سوریا و عیراق و چەند وڵاتێكی دیكەش كرد، بەڵام شەوی وا هەبوو هێرشیان كردووە زیاتر لە 200 كەسیان لێ كوژراوە، بەڵام لەماوەی 72 كاتژمێردا پێداچوونەوەیان بە خۆیان كردۆتەوە، بەڵام تائێستا دوای شەش مانگ حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە پێداچوونەوەیەك بە خۆیدا بكاتەوە و خۆی رێك بخاتەوە، كەس نەیزانیوە ئەو خەڵك بۆچی هاتووە و كەس لە كەسی نەپرسیوەتەوە، كەس نازانێت بەرنامەی ئایندە چییە و كەس بە كەس نییە.

وێستگە نیوز- ئەو دۆخەی باسی دەكەیت چەندێك كاریگەری لەسەر دەنگەكانی كورد دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق؟

عەمید سەرحەد: كاریگەری دەبێت لەسەر دەنگدانی كورد، من لە 2003ەوە لە كەركوك بووم، بەلایەنی كەمەوە 50 تا 60 هەزار ئاوارەی كەركوكی هەبووە لە سنوری سلێمانی و هەولێر، بەڵام بۆ هەڵبژاردن هاتونەتەوە و دەنگیان داوە، خەڵكی دیكەش هەبووە كە كەركوكی نەبون، بەڵام سندوقیان بۆ هاتووە و دەنگیان داوە، موهیمە ئەو كەسانەی لەسەر سندوقەكانی دەنگدانن خەڵك ئیهانە نەكەن و رێنیشاندەری خەڵك بن، ئەوەی ئێستا كە هەیە، فەرماندەی هێزەكان وتویەتی دەبێت تا سەعات 7 بێت و نابێت ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت و باسی كوردستانیبوون و دەوڵەتی كوردی بكرێت، ئەمە سەرەتای دۆخەكەیە، لەوانەیە لەرۆژی دەنگدان كۆمەڵێك گرفت بۆ خەڵك بدۆزنەوە كە نەتوانن دەنگ بدەن.

لەلایەكی دیكەوە بەراستی خەڵك زۆر تووڕەیە لەو دۆخەی بەسەر كەركوك هاتووە، لەهەموشی توڕەتر ئەوەیە تائیستا هیچ نەكراوە بۆ چاككردنی دۆخەكە، بەڵام بۆچی دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە و كورد بەهیچ شێوەیەك لەسەر كەركوك بەجواب نەبن؟، منداڵێكی شەش دەیزانی ئەو شەوە هێرش دەكرێتە سەر كەركوك، لەگەڵ ئەوەشدا بینیمان چی بەسەر كەركوك هات.

شوێن هەبووە دوای 72 سەعات هێزی عیراقی چۆتە ئەو شوێنە ئەوەندەش هێزی لێبووە كە ئەگەر شەڕی بكردایە رەنگە بە دوو مانگ ئەو شوێنە نەگیرایە، بەڵام بەبێ تەقە جێیانهێشتووە، ئیستاش هەمووی بۆتە پاڵەوان، ئەوانە هەمووی كارەساتن و خەڵكیش توڕەیە لەوەی تائێستا پێداچوونەوە نەكراوەتەوە و چارەنووسی رەوشی كەركوك نادیارە و هەر كەسە و بە ئارەزوی خۆی لێدوان دەدات و هێزەكان یەكنەخراوەتەوە و ئەنجومەنی پارێزگا تائێستا كۆنەبوونەتەوە، لە موسڵ بەشداری هەڵبژاردن دەكرێت و لە خانەقین و دیالە دەكرێت، لە كەركوك بەشداری ناكریت ئەمە وەكو مەتەڵ و فیلمی لێهاتووە.

ئەگەر تۆ دەتەوێت لەگەڵ عیراقدا بیت بەڕەسمی لەگەڵیدا بە، ئەگەر بەرنامەشت نییە لەگەڵیدا بیت خێرە لە چوار بۆ پێنج شوێن بەشدار دەبیت و لە شوێنێكیش بەشداری نابیت؟

وێستگەنیوز: بەو پێیەی لەپارتییەوە نزیكیت، بەشدارینەكردنی پارتیت لە هەڵبژاردن لە كەركوك بەلاوە چۆنە؟
عەمید سەرحەد: بەڕای خۆم زۆر خراپە و دەبوو بەشداری بكردایە، هەروەها دەبوو لەگەڵ یەكێتی و حزبەكانی تریش بۆ بەشداری و بایكۆت وەكو كورد پێكەوە بیانكردایە، تائێستا سووننە باجی ئەوە دەدەن لە هەڵبژاردنێكدا بەشدارییان نەكردووە، دەبێت ئیمەش باجی ئەوە بدەین.

وێستگە نیوز- واتە پێتوایە دەبوو پارتی چۆن لە موسڵ بەشدار دەبن، لە كەركوكیش بەشداری بكردایە وەكو یەك پاكێج؟

عەمید سەرحەد: بە قەناعەتی من كەركوك زۆر لە موسڵ پیرۆزترە، چونكە هەموو ئەو كێشانەی بەسەر كورددا هاتووە لەسەر كەركوك بووە، مەلا مستەفا خۆی و شۆڕشێكی لەسەر كەركوك داناوە، بەڵام ئێستا ئاوا سەیری كەركوك دەكرێت بڵێم چی، هەموو شتەكان بونەتە مونافەسە و قسەوتن بە یەكدی، وا دەزانن مەوزوعەكان بەوە كۆتایی پێدێت، لە كاتێكدا بەوەش كۆتایی نایەت و برینەكان قوڵتر دەبنەوە، تا كۆمەڵێك منداڵ و مەزنی كاڵفام كۆبكەنەوە و قسە بەیەكتر بڵێن وا بزانن جەماوەر بەلای ئەوەشدا دەشكێتەوە، كۆمەڵێك خەڵك كە دەنوسن و لێدوان دەدەن بەڕاستی وای لێدێت ئینسان بێز لە خۆشی دەكاتەوە، ئەمانە نە مستەوایان لەڕووی عەسكەرییەوە هەیە، نە مستەواشیان لەڕووی سیاسییەوە هەیە، تەنانەت لەوانەیە خێزانەكانیشیان لێیان رازی نابن، ئەمانە بوونەتە ریش سپی و دەم سپی و خاوەن دیوەخان.

وێستگەنیوز- ئەو تووڕەبوونەوەی لای خەڵك دروستبووە، پێتوایە بەو هۆیەوە ناڕۆن بۆ دەنگدان یان پێتوایە چی دەكەن، یانی ئەو تووڕەبوونە دەگوازرێتەوە بۆ سندوقەكانی هەڵبژاردن؟

عەمید سەرحەد: بەتەئكید لەوانەیە، چونكە ئەم هەڵبژاردنە لەوانەیە بە نیسبەت كوردەوە زۆر موهیم نەبێت، بەڵام لە هەڵبژاردنی كوردستان دەبێت زیاتر ئەو باجە بدرێت، كاكە سەدان كەس ئاوارەبووە و ماڵوێران بووە و كەسوكاری شەهید لێیان نەپرسیوەتەوە، تەنها لە كاتی هەڵبژاردن لێیان دەپرسنەوە.

ئێمە لە پۆلیس ئەفسەر و كارمەند هاتووین وا نزیكەی شەش مانگە باوەڕ دەكەن تائێستا دینارێكیان بە هیچ كەس نەداوە؟، هیچیان بۆ هیچ كەسێك نەكردووە، تائیستا وەزیرەكە ئامادە نەبووە ئەو خەڵكە ببینێت، باوكی عەقیدم ناردووە كە شەهید بووە نامەیەكم بۆ نووسیوە سێ جار ناردومەتە لای ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و وەزیرەكان ئامادە نەبوون 100 هەزاری بدەنێ، خەڵك ئەوەی لە بیر ناچێتەوە، وتویانە نەسریەمان نییە، باشە ئەگەر نەسریەی نەبێت لە گیرفان خۆشت بێت دەبێت بیدەیتێ، سەدان بەڵگەی دیكەمان لەبەردەستدایە كە خەڵكیان نەبینیوە، ئێستا كە هەڵبژاردنە خەڵك بە قسەی باق و بریق ناكات.

وێستگەنیوز- لەسەر دۆخی پۆلیسی كەركوك، ئێستا چۆنن، ئایا ئەوانەی ماونەتەوە چی دەكەن؟

عەمید سەرحەد قادر: زۆرجار قسە لەسەر پۆلیسی كەركوك دەكرێت، راستە پۆلیسی كەركوك لە هەموو لایەنێكی تێدابووە و وەكو چێشتی مجێور وا بووە، پۆلیس هێزێك بووە خەڵكی تێدا بووە كەسوكاری شەهیدن، خەڵكی دڵسۆز و خراپیشی تێدا بووە، خەڵكیشی تێدا بووە لەبەر خاتری خاتران كراوەتە پۆلیس، بەڵام هەمانكات لە 2003 تا داعش هاتووە پۆلیس توانیویانە دەوری خۆیان ببینن، لێیان شەهید و بریندار بووە، ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانان و لەگەڵ فیرقەی 12 و هێزی پێشمەرگە لەهەموو شەڕەكان بەپێی توانا دەوری خۆمان بینیوە، بەڵام ئێستا پۆلیس دەسەڵاتی مەخفەرێكی پێشوویان نییە، دەسەڵات بەدەست ئەوان نییە.

كاك عەمید عەلی كە ئێستا بۆتە بەڕێوەبەری پۆلیس، كاتی خۆی كە هات من هەوڵم بۆ داوە و گەڕایەوە سلكی پۆلیس، دواتریش لەوەزارەتی ناوخۆوە كردمانە بەڕێوەبەری ئیستیخبارات، پارتی بوو، پاشان بووەوە بە یەكێتی، زیاتر مەكتەبییە، بەنیسبەت كاك خەتابیشەوە راستە پێشمەرگە بووە و برای شەهیدە، بەڵام بەڕاستی دەبوو ئەو رۆژەی نەیانهێشت بە كوردی قسە بكات خۆی لابچوایە وەكو لەوەی لایبدەن، راستە ئێستاش ئەوانەی ماونەتەوە كۆمەڵێك لەبەر مووچە و بەرژەوەندی خۆیان ماونەتەوە، بەڵام لە كۆتاییدا دوور دەخرێنەوە و خانەنشین دەكرێن.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەر ئەفسەری پارتی نەبوو، بەڵكو كۆمەڵێك ئەفسەری و یەكێتی و خەڵكی دیكەش هاتن، بەڵام خۆ ناكرێت بە سكی برسی و دەروێشی بیكەیت و شەش مانگ كەس لێت نەپرسێت، تۆش بە رەتڵێك سەیارە و فەردە دۆلارت لەبەردەستدا بێت و ئامادە نەبێت لێت بپرسێت، خەڵكیش ماڵ و منداڵی هەیە و حەز دەكەن بە خۆشی بژین.

بەداخەوە حكومەتی هەرێمیش وایلێهاتووە لەسەرەتای دروستبوونییەوە كۆمەڵێك دەموچاون دەیانهێنن و دەیانبەن لەملا بۆ ئەولا، وەكو ئەوەی تاپۆی رەش بێت بەناویانەوە، هەتا دەیانخەنە قەبرەوە هەر ئەوانە بن، یانی هیچ گۆڕانكارییەك نەكرا و هیچیشیان پێ نییە، ئەمە كارەساتەكە لێرەیە.

هەروەها ناوماڵی كورد لەوپەڕی لاوازییە، دەبینین ئەو هەموو پاڕانەوە و محاوەلە لەگەڵ حكومەتی مەركەزی دەكرێت، بەڕوبعێكی ئەوە لەناوخۆمان بمانكردایە ئێستا شتێكی تر دەبووین.


PM:12:43:21/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 47187 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو