بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك باشووری ئێرانی هه‌ژاند
داڕووخان له چیاكانی ناوچه‌ی كاكی له پارێزگای بووشه‌هر به‌هۆی به‌ھێزی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه
وێستگه نیوز ـ
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 19ی نیسانی 2018، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕی 5.9 پله به پێوه‌ری رێخته‌ر، ناوچه‌ی كاكی پارێزگای بوشه‌هری له باشووری ئێران هه‌ژاند و له كوه‌یت و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی كه‌نداو هه‌ست به له‌رینه‌وه‌ی زه‌وی كراوه.
مسته‌فا مورته‌زه‌وی، وته‌بیژی رێكخراوی رزگاركردن و به‌هاناوه‌چوونی ئێرانی، رایگه‌یاند: "بوومه‌له‌رزه‌كه كاتژمێر 11:04 خوله‌كی پێشنیوه‌ڕۆ له قوڵایی 18 كیلۆمه‌تر و به دووری سێ كیلۆمه‌تر له شارۆچكه‌ی كاكی پارێزگای بوشه‌هر روویداوه.
هه‌روه‌ها وتوویه‌تی: "پاش روودانی بوومه‌له‌رزه‌كه به چه‌ند خوله‌كێك، چوار تیمی به‌هاناوه‌چوونمان ناردووه‌ته ناوچه‌كه، به‌ڵام تائێستا راپۆرته‌كان هیچ زانیارییه‌كیان له‌سه‌ر زیانه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه رانه‌گه‌یاندووه"، هه‌ر چه‌نده له چه‌ند شوێنێكی ناوچه چیاییه‌كانی پارێزگای بوشه‌هر بووه‌ته هۆی داڕووخان له چیاكاندا.
وێستگه‌ی ئه‌تۆمی بوشه‌هر ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه و خانووی گونده‌كانی ئه‌و ناوچانه‌یش زۆرینه‌یان له قور درووستكراوون، به‌ڵام تا ئێستا دیار نییه هیچ زیانێك به‌ر وێستگه ئه‌تۆمییه‌كه كه‌وتووه یان نا.
هــ. ر
PM:12:26:19/04/2018
ئه‌م بابه‌ته 2320
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت