سێ شوێنی جوانكاری خانمان داخران
وێستگه نیوز ـ
به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوون به مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن، لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی سێ ئارایشتگای جوانكاری خانمان داده‌خات و نوێنه‌ری ته‌ندروستی له لیژنه هاوبه‌شه‌كانیش رایده‌گه‌یه‌نێت تاتۆكردن به‌بێ مۆڵه‌ت رێگه‌پێنه‌دراوه.
ئازاد نه‌بی، نوێنه‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی له لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌كان وتی: "به‌هۆی جێبه‌جێ نه‌كردنی مه‌رج و رێنمایه‌كانی ته‌ندروستی و كاركردن هه‌روه‌ها هه‌بونی مادده‌ی جوانكاری به‌سه‌رچوو له‌شوێنه‌كانیان و به‌كارهێنانی بۆ هاولاَتیان، ئارایشتگاكانی ( سوراو، شاجوانی رۆژهه‌لاَت و چو‌و القمر ) له شاری سلێمانی داده‌خرێن".
ئازاد نه‌بی وتیشی: "یه‌كێكی تر له سه‌رپێچی ئارایشتگا داخراوه‌كان به‌بێ مۆڵه‌ت كاری تاتۆ دروستكردنیان بۆ هاولاَتیان كردووه كه ئه‌مه‌ش رێگه پێنه‌دراوه، ئه‌و كه‌سه‌ی كاره‌كه ده‌كات پێویسته خاوه‌نی مۆڵه‌تی نێوده‌وڵه‌تی پیشه‌كه‌ی بێت، بۆیه هه‌رشوێن و كه‌سێك مۆڵه‌تی تاتۆكردنی نه‌بێت له‌لایه‌ن لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانه‌وه رووبه‌رووی یاسا ده‌كرێته‌وه".
وتیشی: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌خۆشیه ڤایرۆسیه‌كان له‌رێگه‌ی خوێنه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه، تاتۆكردنیش به‌یه‌كێك له هۆكاره‌كانی مه‌ترسی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی داده‌نرێت، له‌به‌ر ئه‌وه خاوه‌ن مۆڵه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ تاتۆكردن له‌رێی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیه‌وه رێگه به‌كاركردنی ده‌درێت پاش ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م مه‌رجه ته‌ندروستییه‌كان جێبه‌جێده‌كات".
هه‌روه‌ها، هه‌بوونی مادده‌ی ماوه‌به‌سه‌رچوو، له‌هه‌ر شوێنێك ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت شوێنه‌كه‌ی داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی رووبه‌رووی یاسا ده‌كرێته‌وه.
نوێنه‌ره‌كه‌ی ته‌ندروستی ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد به‌فه‌رمانی قایمقامی سلێمانی ئارایشتگاكانی ( سوراو، شاجوانی رۆژهه‌لاَت و چو‌و القمر) داده‌خرێن و خاوه‌نه‌كانیشان رووبه‌رووی یاسا ده‌كرێنه‌وه، شوێنه‌كانیشیان ناكرێته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن ده‌بن.
PM:02:16:27/03/2018
ئه‌م بابه‌ته 1312
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت