ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لەبارەی خاڵە سنورییەکانەوە نووسراوێکی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کرد

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ کۆبووەوە و نووسراوێکی لەبارەی وەرگرتنی پارە لە خاڵە سنورییەکان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کرد.


دوای کۆبوونەوەکە ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفرانسێکدا رایگەیاند "نووسراوێکمان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کردووە تا پێداچوونەوە بە کۆی ئەو مۆڵەتانەدا بکات کە رێگەی بە کۆمپانیاکان داوە بۆ وەرگرتنی پارە، هەروەها رێنمایی تەواویش لەگەڵ ئەو مۆڵەتانەدا بڵاوبکرێتەوە، بۆ ئەوەی وەرگرتنی پارە بە لاڕێدا نەبرێت و یاسایی بێت".

ئاماژەی بەوەش کرد، داوا لە وەزارەتی دارایی دەکەن کە حکومەت سود لەو سەرچاوە داراییە وەربگرێت کە لە رێگەی وەرگرتنی پارە لە خاڵە سنورییەکان بەدەست دێت.

ناوبراو لەبارەی بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، بە سەرکەوتوویی دەنگیان لەسەر سێ پاڵێوراوەکەی گۆڕان داوە بۆ پۆستی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ شارەوانییەکانی‌ سلێمانی‌.

هەروەها وتیشی: "دوای 47 رۆژی دیکە چوار ساڵی خولەکەی خۆمان تەواو دەکەین بۆیە داوا لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکەین کە ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی خولی دوای ئێمە لە کات و ساتی خۆیدا، ئومێد دەکەین هەڵبژارنەکان لەکاتی خۆیدا بکرێت".

راشیگەیاند: "دوای تەواوبوونی ئەم خولەی ئێمە، بۆمان هەیە تەنیا 90 رۆژ وەک کاربەڕێکەر درێژە بە کارەکانی خۆمان بدەین".

هــ. ر


PM:12:13:13/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 2644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو