وه‌زیری دارایی هه‌رێم هاوڵاتییان و مووچه‌خۆران دڵنیا ده‌كاته‌وه‌

‌رێباز حەملان، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان هاوڵاتییان و مووچەخۆران دڵنیادەکاتەوە کە هیچ گرفتێک لەلایەن حکومەتی هەرێمه‌وه‌ بۆ لیژنەکانی بەغدا دروستنەکراوە، لەبارەی مەبەستی هاتنی شاندەکەی ئەمشەویش بەسەرۆکایەتیی عەلی عەلاق ده‌ڵێت، "لە دوایین قسەیاندا باسی باج و گومرگ و بانکەکانیان کرد،  ئێمەش وتمان تەشریفبێنن لەبارەی ئەوەش قسە دەکەین".


رێباز حەملان، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشوازیکردن لە شاندێکی حکومەتی عیراق بەسەرۆکایەتیی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عیراق، لەبارەی مووچە و چارەسەرکردنی کێشەکان رایگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندە لاوەکییەکانی حکومەتی عیراق ئەنجامدان و لیژنەشیان بۆ هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر و سلێمانی و دهۆک) ناردووە، لەبارەی ئەو کێشانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا بێ چارەسەر ماونەتەوە و رەهەندی داراییان هەیە، ئەوان هەندێ تێبینییان لەسەر باج و گومرگ و بانکەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە دوای چەندین گفتوگۆ داوام لە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عیراق کرد سەردانی هەرێمی کوردستان بکات".

لەبارەی هۆکاری بانگهێشتکردنی عەلی عەلاق بۆ هەولێر رێباز حەملان، بۆ رووداو رایگەیاند: "بۆئەوەی لە نزیکەوە و پێکەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان بتوانین لەگەڵ کەسانی تایبەتمەند هەم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەم لە حکومەتی عێراق دابنیشن، چونکە پێمانوتوون ئەو هۆکارانەی وایانکردووە ئێوە تائێستا مووچەی هەرێمی کوردستان نەنێرن، یان ئەو تێبینییانەی لەسەر بودجەی کوردستان هەتانە، ئەگەر گرفتەکە لای ئێمەیە ئەوا لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان  ئامادەین بۆ چارەسەرکردنیان. هەروەها باسی ئەوەمان کردووە کە بەشێک لەو یاسایانەی لە بەغدا دەرکراون، لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەمان پرس یاسای دیکە دەرکراوە، بۆیە رەنگە بەشێک لە یاساکانمان تێکنەکەنەوە و، پێویستە بۆیە دەبێت تێگەیشتنمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەبێت".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كه‌ خەڵک دەڵێن دۆخەکە ناخۆش بووە، رۆژانە شاندی وردبینی دێن و دەڕۆن، کەی ئەو بگرە و بەردەیە کۆتایی دێت؟ رێباز حەملان وتی: "من وەک رێباز حەملان دڵنیایی دەدەمە خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هیچ گرفتێک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ لیژنەکانی بەغدا دروستنەکراوە، هیچ شتێک لای ئێمە نییە شاردرابێتەوە یان داوای زانیارییەکیان کردبێت و پێمان نەدابن، ئەمە دوایین قسەیانە کە باسی باج و گومرگ دەکەن، ئێمەش وتمانە تەشریفبێنن لەبارەی ئەوەش قسە دەکەین، بۆیە هاتنی شاندێکی وا باڵا لە ئاستی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عیراق، کە ئەندامانی شاندەکەش بریتین لە راوێژکاری باڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندیدار بەو پرسانە و، سەرۆکی دەستەی باجی عیراقیشی تیادایە".

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد کە کاتژمێر 10:00ی سبەینێ دووشەممە 12ی ئازاری 2018، لە هەولێر کۆدەبنەوە و وتی: "ئێمە وەک هەرێمی کوردستان بە تیمێکی گەورە لە حکومەت و وەزارەتی دارایی بەشداری دەکەین. لەبارەی باج و گومرگ و بانکەکان هەموو شتێکمان ئامادەکردووە بۆئەوەی سبه‌ینێ بگەینە چارەسەرێک و ئەم سێ پرسانەشیان لەگەڵ یەکلایی بکەینەوە".

رێباز حەملان، ئاماژەی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی هەفتەی رابردووی نێوان نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی کرد و رایگەیاند: "سەرۆک وەزیران داوای لە عەبادی کردووە سولفەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و پێی وتووە، تا ئەو کاتەی ئەو کێشانەی ئێوە بە کێشەیان دەزانن چارەسەردەکرێن، ئێوە سولفەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن با مووچەی پێبدەین، لەپاڵ ئەوەشدا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین".

راشیگەیاند: "بەپێی قسەکانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بێت، عەبادی بەڵێنی داوە ئەو کارە بکات".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئەمشەو شاندێكی حکومەتی عیراق بەسەرپەرشتیی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عیراق گەیشتە هەولێر و لەلایەن رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا. بڕیارە سبەینێ دووشەممەش تیمیكی هونەری تەواوکەری شاندەکە بگاتە هەولێر.

عەلای عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عیراق رایگەیاند: "سەردانەکەمان راستەخۆ پەیوەندی بە بابەتی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە نییە، ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، ئەو هەواڵەیە کە ئێمە و ئێوە گوێبیستی بووین، هیوای خێر دەخوازین. سەردانەکەمان سەردانێکی ئاساییە بۆ لقی بانکی ناوەندیی عیراقە لە هەولێر، هەروەها بۆ هاوئاهەنگیکردنە لەگەڵ وەزارەتی دارایی، لەبارەی کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە رێکخستنی کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستاندا".

لەبارەی ناردنی 250 ملیۆن دۆلارەکەش بۆ هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا، عەلی عەلاق رایگەیاند: "بەشێوەیەکی ئاسایی بانکی ناوەندی پارە لە لقەکانی دادەنێت، ئەگەر داواکاری هەبوو بۆ خەرجکردنی بۆ لایەنێکی دیاریکراو، ئەوا پێویستە وەڵامی ئەو داوکارییە بدەینەوە، بۆیە ئەگەر حکومەت بەنیازی خەرجکردنی مووچە بێت کە ئێمەش هیوای بۆ دەخوازین، ئەوا ئێمە ئامادەین و ئەو پارەیەش هەیە،  ئەگەر راسپاردە و فەرمانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی لەسەر بدرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە".

هــ. ر


PM:11:20:11/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 28492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو