میدیای حكومه‌تی سوریا: له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا سوپای سوریا ده‌چێته‌ ناو عفرینه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
میدیای حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سوپای سوریا دەچێتە ناو عەفرینەوە لە رۆژئاوای کوردستان.


هەروەها ئاماژەی‌ بۆ ئەوەشکردووە، چوونی‌ هێزی حکومەتی‌ سوریا بۆ عەفرین بۆ پشتگیرییە لە خەڵکە خۆڕاگرەکەی‌ لەدژی‌ دەستدرێژییەکانی‌ تورکیا

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوی‌ رابردوو ئاژانسی فورات نیوزی نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و سوپای سوریا گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ دابەشکردنی ژمارەیەک لە یەکەکانی سوپای سوریا لەسەر سنوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی تورکیا.

هەروەها ئاماژەی‌ بۆ ئەوەشکردووە، گفتوگۆکانی نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل و حکومەتی سوریا چەندجارێک بەربەستی بۆ دروستبوو، ئەویش بەهۆی دەستوەردانی لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتوونەتە ئەوەی کە دەکرێت چەند یەکەیەکی سوپای سوریا هاوکاری یەپەگە بگەن بۆ بەرپەرچدانەوەی سوپای تورکیا و گروپە هاوکارەکانی، کە ماوەی مانگێکە هێرشی بۆسەر کانتۆنی عەفرین دەستپێکردووە.

بەگوێرەی هەواڵەکە گفتوگۆکان چەند رۆژێک لەمەوبەر لە نزیک شاری حەڵەب و بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی باڵای یەپەگە و سوپای سوریا بەڕێوەچووە، بەڵام لە سەرەتادا بەهۆی دەستوەردانی چەند لایەنێکەوە، بەتایبەت رووسیا، بەربەستی بۆ دروستبوو، ئەویش بەمەبەستی رێگریکردن لە رێککەوتنەکە و چۆنێتی هەماهەنگی لە نێوان هەردولا بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو هێزانە.

وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، دەکرێت لە داهاتوودا رێککەوتنەکە چەند ناوچەیەکی دیکەش بگرێتەوە، بۆئەوەی بە هاوبەشی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ ئەنجام بدەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی، وەک ناوچەکانی باب و جەرابلوس، کە لە ئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا و گروپە هاوکارەکانیدان.

هەردولا رێککەوتوون لەسەر رێگریکردن لە فڕینی هێزی ئاسمانی تورکیا لەسەر ئاسمانی عەفرین، لەو رووەشەوە ئاژانسەکە لە زاری چەند پسپۆڕێکی سەربازییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر رێگری بکرێت لە فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە ئاسمانی عەفرین، تورکیا لە 80%ی توانای هێرشەکانی لەدەستدەدات.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە رۆژی 20ی‌ کانوونی دووەمی 2018وە، سوپای‌ تورکیا و گروپە چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر عەفرین و لەو هێرشانەیاندا، خانووی‌ هاوڵاتیان، بازاڕ، شوێنی‌ مانەوەی‌ هاوڵاتیان، گوندەکان، شوێنەوارە مێژوویەکان، مزگەوتەکان، گۆڕستانەکان، نەخۆشخانەکان، خوێندنگەکان، وێستگەی‌ ئاو و بەنداوی‌ عەفرینی‌ کردووەتە ئامانج و زیانیان بەو شوێنانە گەیاندووە.

هــ. ر


PM:12:33:19/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 19072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو