عه‌بادی: توانیمان دەسەڵاتی فیدراڵی لە سەرجەم خاکی عیراق بڵاوبکەینەوە


وێستگه‌ نیوزـ

سەرۆک وەزیرانی عیراق له‌ میونشن ستایشی سوپای عیراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد و وتی توانیمان دەسەڵاتی فیدراڵی لە سەرجەم خاکی عیراق بڵاوبکەینەوە.

لە دووەمین رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، حه‌یده‌ر عه‌بادی،ـ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق وتارێکی پێشکەشکرد و ستایشی سوپای عیراق و پێشمەرگەی کرد، وتیشی : "کۆمەڵێک تەحەدامان لەپێشن دەبێت بەسەریاندا زاڵبین، دەبێت بەرگری لە دەستکەوتەکانیش بکەین".

عەبادی لە سەرەتای وتارەکەیدا رایگەیاند: "توانیمان گەلی عیراق بە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانیانەوە یەکبخەین، رۆڵەکانی عەرەب و کورد و سوننە و شیعە و مەسیحی و ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەی عیراق بەیەکەوە جەنگان و عیراقیان لە لێواری دابەشبوون دەرهێنا، بۆ بەرژەوەندیی هاوڵاتیانیش توانیمان دەسەڵاتی فیدراڵی لە سەرجەم خاکی عیراق بڵاوبکەینەوە بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستوردا ئاماژەیان پێکراوە، یەکگرتوویی گەل و وڵاتمان بووە دەستکەوتێکی هاوتەریب لەگەڵ سەرکەوتن بەسەر داعش و تیرۆری داعش". 

سەرۆک وەزیرانی عیراق ستایشی سوپا و پێشمەرگەی کرد و وتی: "سوپای عیراق و پێشمەرگەی کورد بۆ یەکەمجار لە مێژووی عیراق شانبەشانی یەک جەنگان، کە لەماوەی رابردوودا ئەو دوو هێزە شەڕی یەکدییان دەکرد لە سەردەمی دیکتاتۆرییەت".  

وتیشی: " عیراقیه‌كان خوێنێکی زۆریان بەخشی و ئەوان بوون لەسەر خاک شەڕیان کرد و ئازایەتی خۆیان سەلماند. ئێمەش منەتباری ئەو سەرکەوتنەین لە سایەی قوربانیدانی ئەو پاڵاوانانەی پێشکەشی عیراقیان کرد، جا چ لە هێزە ئەمنییەکان بێت یان لەو خۆبەخشانەی بەدەنگ فتوای مەرجەعییەتی ئایینییەوە هاتن بۆ بەرگریکردن لە عێراق. عێراق گەورەترین هەڵمەتی خۆبەخشی لەسەر داوای مەرجعییەتی بەڕێز سیستانی بەخۆیەوە بینی".

عەبادی باسی لەوە کرد کە سیاسەتی دەرەوەی عیراق سەرکەوتوو بووە لە راکێشانی پشتگیری و پاڵپشتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەدیهاتنی سەقامگیری و ئاسایش و وتیشی: "ئێمە بەردەوامین لە بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەروبەرمان و هەرێمایەتییەکان، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری نیشتمان و ئاڵۆگۆڕی بەرژەوەندی و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆ، لەگەڵ پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی کە لەسەر گەرەنتیکردنی بەرژەوەندی گەلەکەمان و وڵاتەکەمان و پاراستنی مافەکانی و سامانەکەی و ئازادییەکەی بنیاتنراوە، لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سیستەمی دیموکراتی فرەیی".

سەرۆک وەزیرانی عیراق هۆشداریشی لەوە دا کە ئێستاش رێکخراوی داعش لە سنورەکانی عیراق نزیکە، بەتایبەت لە دیوی سوریا و وتی: "داوای یەکێتیی وڵاتانی جیهان و یەکخستنی تواناکانیان دەکەین دژی تیرۆر و نەهێشتنی شانە نووستووەکانیان، ئەمانە دووژمنی هاوبەشن بۆ وڵاتەکانمان و مرۆڤایەتی بەگشتی. ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە زۆر ترسناکە. دوای ئەوەی هەبوونیمان لەڕووی سەربازییەوە لە عێراق سڕییەوە، رێگەشمان پێنەدان لە یەک بستی خاکی عیراق دەسەڵاتیان هەبێت، لەسەرمان پێویستە سەرجەم شانە نووستووەکانیان لێرە و لەوێ و لە وڵاتانی دیکە نەهێڵین. هەروەک 3 ساڵ پێش ئێستا پێموتن لە سەرجەم عیراق کۆتایی بە داعش دەهێنین، هەر لێرە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە فیکری تیرۆیستی نوێنەرایەتی ئایینی ئیسلام ناکات، بەڵکو ئەوان موسڵمانیان لە سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە زۆر زیاتر لە نا موسڵمانەکان کوشت". 

عەبادی باسی لەوەش کرد کە بە نیگەرانییەوە دەڕواننە کێشەکانی ناوچەکە بەتایبەت ترسیان لە گەشەکردنی تیرۆر هەیە. لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانیش جەختی لە گفتوگۆ کردەوە و وتی: "کۆمەڵێک تەحەدامان لەپێشن دەبێت بەسەریاندا زاڵبین، دەبێت بەرگری لە دەستکەوتەکانیش بکەین".


PM:10:37:17/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 3836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت