هەواڵگری عيراق: پزیشکێکمان دەستگیرکردووە چەکدارە بریندارەکانی داعشی چارەسەرکردووە


وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەرایەتی دەزگای هەواڵگری سەربازی سوپای عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، پزیشکێکیان دەستگیرکردووە کە بە "تیرۆریست" ناویبردووە، چارەسەری بۆ ئەندامە بریندارەکانی داعش کردووە لە شەڕی موسڵدا.


لە بەیاننامەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی دەزگای هەواڵگری سەربازی بڵاویکردووەتەوە، ئەو پزیشکە لە ئۆپراسیۆنێکدا لە باکوری خۆرئاوای شاری موسڵ دەستگیرکراوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "یەکەیەکی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی لە فیرقەی ١٥ی سوپای عێراق، لە ئۆپراسیۆنێکدا توانیویانە یەکێک لە تیرۆریستان لە ناحیەی زومار دەستگیربکەن، ئەو دەستگیرکراوە وەک پزیشک و لێپرسراوێکی ڕێکخراوی داعش کاریکردووە بۆ چارەسەرکردنی چەکدارە بریندارەکانی داعش لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی  موسڵدا".

بەگوێرەی بەیاننامەکەی دەزگای هەواڵگری سەربازی ئەو کەسە یەکێک بووە لە داواکراوەکان کە لەلایەن دادگاوە بەپێی ماددەی ٤ی تیرۆر داواکراوە.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپراسیۆنەکە لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بووە، کە جەختیکردووەتەوە لەوەی بە وردی ئۆپراسیۆن بۆ ڕاوەدوونانی ئەو چەکدار و لێپرسراوانەی داعش ئەنجام بدەن کە تا ئێستا لێرە و لەوێ ماونەتەوە و لەڕێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە زانیارییەکان کۆدەکەنەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی پارێزگای نەینەوا و دەوروبەری لە ئێستادا یەکە ئەمنییە تایبەتەکانی سەربە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ناوبەناو ئۆپراسیۆن بۆ دەستگیرکردنی پاشماوەی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە ئەنجام دەدەن، کە گومان دەکرێت چەکداری داعشیان تێدا مابێتەوە.

هــ. ر


PM:05:32:16/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 1748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت