گۆڕان داوای وەستانی هێرشەكانی سەر عەفرین دەكات

‌لۆگۆی گۆڕان

وێستگە نیوز-
بزووتنەوەی گۆڕان ئیدانەی هێرشكردنە سەر شاری عەفرین لەلایەن سوپای توركیا دەكات و داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هاوپەیمانیی دژی داعش دەكات، كە هەنگاوی كرداری بنێن بۆ بەرگرتن لەو هێرش و پەلامارانە. 

بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ وێستگە نیوز نێردراوە رایگەیاندووە، ئێستا كانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان لە بەردەم لەشكركێشی و پەلاماری سەربازی دەوڵەتی توركیا و چەند گروپێكی چەكداری ئۆپۆزسێۆنی سوریادایە. 

بزووتنەوەی گۆڕان هەموو جۆرە پەلاماردان و لەشكركێشیەك ئیدانە دەكات و داواكارە دەستبەجێ ئەو هێرشانە بوەستێنرێن و بە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان كێشەكان چارەسەر بكرێن.

گۆڕان داواش لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هاوپەیمانیی دژی داعش دەكات، كە هەنگاوی كرداری بنێن بۆ بەرگرتن لەو هێرش و پەلامارانەی سوپای توركیا بۆسەر كانتۆنی عەفرین، كە تەنها هاوڵاتیانی سڤیل تێیدا دەبنە قوربانی و بێدەنگ بوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە ئاست ئەو لەشكركێشیە ڕەوایەتیدانە بە پێشێلكاری دژ بە مافەكانی مرۆڤ و مافی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە كە دەیانەوێت بە ئاشتی و ئارامی بژین و خۆیان بەڕێوەبەرن و ڕۆڵەكانیشیان بەدرێژایی شەڕی تیرۆر لە بەرەی پێشەوەی دژی داعشدا بوون و چەندین قوربانییان داوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە بزووتنەوەی گۆڕان، لەم هەلومەرجەدا جەختدەكاتەوە كە پشتیوانی تەواوی مافە ڕەواكانی هاوڵاتیانی كانتۆنی عەفرین دەكات و داوای ڕێزگرتن لە ماف و ئازادیەكانی پێكهاتە جیاوازەكانی ئەو ناوچەیە دەكات.

لە شەوی رابردووەوە سوپای توركیا هێرشەكانی بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە.




PM:10:59:20/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 1848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت