ئه‌مرۆ په‌رله‌مانی‌ عێراق بڕیار له‌سه‌ر واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌دات




وێستگه‌ نیوز-

وا بڕیارە ئەمڕۆ شەممە پەرلەمانی‌ عێراق بۆ دیاریکردنی‌ کاتی‌ هەڵبژاردنەکان کۆببێتەوە.

ڕۆژ پێنجشەممەی ڕابردوو بەهۆی تەواو نەبوونی‌ ڕێژەی‌ یاسایی پەرلەمانتارانەوە ، پەرلەمانی‌ عێراق دانیشتنەکەی‌ سەبارەت بە دیاریکردنی‌ کاتی‌ هەڵبژاردنەکان بۆ ڕۆژی‌ شەممە دواخست.

پێشتریش هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەکان بە مەبەستی تەواونەکردنی ڕێژەی یاسایی، بایکۆتی دانیشتەکەی ڕۆژی‌ پێنجشەممەی‌ پەرلەمانیانکردووە، کە تەرخانکراوە بۆ دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، یان دواخستنی بۆ کۆتایی ئەمساڵ.

هاوکات هەریەکە لە هادی عامری ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر و نوری مالکی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق دژایەتی خۆیان بۆ دواخستنی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند.

 نوری مالکی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردنەکان نایاسایی و نادەستورییە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بە توندی پشتیوانی دەکات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق جگە لەوەی پشتیوانی لە هەڵبژاردنەکان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەکات، پێی وایە کە دواخستنی پێشهاتێکی مەترسیدارە و زیان بە دەستور و گەشەکردنی دیموکراسی دەگەیەنێت.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا هاوکاری دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە دەنگی هەموو عێراقییەکان دەبیسترێت تەنانەت ئەو دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسەش کە ئاوارە بوون.


AM:09:52:20/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 2768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت