فراكسیۆنی بزووتنەوە: ئەگەر سێ‌ حیزبە ئیسلامییەكە بە یەك لیستی هاوبەش بەشدار نەبوون، چاوی ئومێدیان لێ‌ بنوقێنن

‌لۆگۆی سێ لایەنە ئیسلامییەكە

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر سێ‌ حیزبە ئیسلامییەكە بە یەك لیستی هاوبەش بەشدار نەبوون، چاوی ئومێدیان لێ‌ بنوقێنن.

ئاری عەبدولەتیف، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ وێستگە نیوز نێردراوە رایگەیاندووە، هەوڵەكان دەمێكە بۆ دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش، بۆ هەموو حیزب و تەوژمە ئیسلامییەكان لە كوردستان بەردەوامە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێككەوتن و پڕۆژەیەك، چەندینجار كۆبوونەوەی لوتكە كرا و ئەنجومەنی هاوبەش پێكهێنرا و گفتوگۆی گەرم بەڕێوەچوو، بەڵام بێ‌ ئاكام بوو.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، بزووتنەوەی ئیسلامیی بە باشترین و لە پێشترین هێزی ئیسلامیی دەرچوو، بۆ هەنگاونان بەرەو هاوبەندیی و یەكبەرەیی و دروستكردنی سەركردایەتییەكی هاوبەش، تا لانیكەم ئیسلامییەكانیش خاوەن بەرە و پرۆژە و پاكێجێكی ئاینیی و نیشتیمانی و نەتەوەیی بن.

ئاری عەبدوللەتیف روونیكردۆتەوە "هەموو لایەك گەشتنە ئەو بڕوایەی بزووتنەوە زۆرجار نەرمیشی نواندووە لە ڕادەبەدەر و بۆتەهۆی ئەوەشی كە بە بچووك سەیر بكرێت، بەڵام كۆڵی نەداوە و قوربانیی بە خۆی داوە، لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكاندا، بەڵام دوو حیزبەكەی تر جۆرێك لە ساردییان تێدا بووە، لە ئێستاشدا چەند بارە بزووتنەوە داوای یەك لیستیی دەكاتەوە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان و خوازیارە، نەك ئەو سێ‌ لایەنە، بگرە چەندین تەوژم و هێزی تری ئیسلامخوازیی وەك برایانی سەلەفیی و سۆفیش بەشدار بن".

سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوە داوای یەكلیستیی و یەكبەرەیی دەكات بۆ هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ پەرلەمانی كوردستان، بڕواشیان وایە ئەگەر هەر هێزێك بۆ ئەمجارەش درزی خستە ئەو پڕۆژەیەوە، حەق وایە خەڵك و هاوڵاتیان و دەنگدەرانی ئیسلامخواز و نەوەی ئەم نەتەوە موسڵمانە، دەنگی پێ‌ نەدەن و بە سزای ئەو هەڵوێستەی بگەیەنن، چونكە ئەوە فەرمانی ئیسلامە و لانیكەم بۆ دەرخستنی قورسایی گوتاریی ئیسلامخوازیی كوردی بۆ یەكجاریش بێت ئەو ئەزموونە تاقی بكەنەوە.

ئاری عەبدوللەتیف وتوشیەتی "ئەگەر ئەم پرۆسەیە، ئیسلامییەكانی كوردستان بە یەك لیست بەشدار نەبوون، ڕەوایە موسڵمانانی كوردستان چاوی ئومێد و ئاسۆیان لێ‌ بنوقێنن، چونكە دەرفەت لەمە باشتر و نزیكتر نییە بۆیان، بۆ جێبەجێكردنی كارنامە و ئەجێندای خزمەتگوزاریی و ڕیفۆرم و گەشەكارییان، لە پرۆسەی سیاسەت و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستاندا".


PM:08:27:19/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 1516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو