عیراق ...شەڕ و نائارامییەکان چی لە 1.3 ملیۆن منداڵ کرد؟


وێستگە نیوز-

ئه‌مڕۆ هەینی  19ی كانوونی دووه‌می 2018، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، منداڵان نیوەی 2.6 ملیۆن کەس پێکدەهێنن کە لە عێراق ئاوارەبوون بەهۆی  ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان کە لەلایەن سوپای عێراقەوە لە دژی چەکدارانی داعش ئەنجامدراون.

 ڕێکخراوی "یونیسێف"ی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق مانگی ڕابردوو سەرکەوتنی بەسەر چەکدارانی داعش ڕاگەیاند، بەڵام بەردەوامبوونی شەڕ و بۆردومانەکان وایکردووە ئاساییبوونەوەی ژیانی ئاوارەکان ئەستەم بێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، منداڵان نزیکەی نیوەی ئەو دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئاوارەی عێراق پێکدەهێنن، کە بەهۆی هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەکان لەدژی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئاوارەبوون، بەتایبەت کە شەڕی داعش ٣ ساڵی خایاند و ئێستاش بەهۆی بەردەوامی توندوتیژییەکانەوە ڕێگرن لە هەوڵەکان کە دەدرێت بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانی ئاوارەکان.

پیتەر هۆکینز نوێنەری باڵای یونیسیف لە عێراق لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، لەو بڕوایەداین بەهۆی توندویژی و ململانێکان و تەشەنەکردنی هەژارییەوە، ٤ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری عێراق پێویستیان بە هاوکارییە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، بەهۆی شەڕی داعشەوە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار منداڵ لەناو ئاوارەکاندان، ڕێکخراوەکەیان هاوکاریی یاسایی  ئەو منداڵانەش دەکات کە بەهۆی پەیوەندییان بە ڕێکخراوی داعشەوە دەستبەسەرن و لە هەوڵی گەڕانەوەیاندایە بۆ ناو خێزانەکانیان، بەوانەشەوە کە لە ئێستادا کەسوکاریان لە دەرەوەی عێراقن.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، توندوتیژییەکان بە تەنها منداڵان ناکوژێت، بەڵکو قوتابخانەکان و نەخۆشخانە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون و ڕێگاوبانەکانیشی وێرانکردووە، تەنانەت تەونی کۆمەڵایەتی فرە ڕەنگی و کلتوری لێبوردەییشی کەرت و پەرتکردووە، کە بەردەوام داوای پێکەوەجۆشدانی کۆمەڵگە دەکات.

ئەو وتانەی نوێنەری یونیسیف لە عێراق لە کاتێکدایە، لایەنە سونییەکان داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکەن، چونکە زۆربەی دانیشتوانی ناوچە سونییەکان هێشتا ئاوارەن و ناتوانن وەک پێویست بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.


PM:08:02:19/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 2485 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو