په‌كه‌كه كارته‌كان تێكه‌ڵ ده‌كات
په‌كه‌كه كارته‌كان تێكه‌ڵ ده‌كات
به‌ته‌نیشت هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌رێمێكی تر دروست ده‌كرێت
راگه‌یاندنی "هه‌رێمی قه‌ندیل" سیناریۆی نوێی چاوه‌ڕواننه‌كراوی بۆ بارودۆخی ناوچه دروستكرد، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌نگاوه له‌پشت یاساكانی ههرێمو عێراقه‌وه دروست بووه، به‌ڵام بووه‌ته دیفاكتۆ.
هه‌رێمه‌كه له‌وپه‌ڕی باكوری عێراق‌و له‌سنوری هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)ه‌وه دروستكراوه، هه‌رچه‌نده ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌و ئه‌زمونه ته‌نیا خۆبه‌رێوه‌بردنی دانیشتوانی ناوچه‌یه‌كه، به‌ڵام هه‌رێمه‌كه‌ی نێو سێگۆشه‌ی عێراق‌و ئێران‌و توركیا له‌منداڵدانی قه‌یرانی ئیداریی‌و سیاسی هه‌رێمه‌وه له‌دایكبووه كه یه‌كێكه لهسیناریۆكان پیشاندانی نمونه‌ی شێوازێكی نوێی حوكمرانییه جیاواز له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه كه پێشتر له‌كوردستانی سوریا تاقیكراوه‌ته‌وه.
به‌دووری ته‌نیا هه‌شت كیلۆمه‌تر له‌دواین بازگه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له‌وپه‌ڕی باكوری عێراق، كاتێك ده‌گه‌یت به بازگه‌یه‌كی پارتی كرێكارانی كوردستان ( په‌كه‌كه) له ناوچه‌ی كورته‌ك هه‌ست ده‌كه‌یت له‌وڵاتێكه‌وه گه‌شت بۆ وڵاتی جیاواز تر ده‌كه‌یت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه به‌پێی سنوری جوگرافی هه‌ر سه‌ر به‌یه‌ك هه‌رێمن.
بازگه‌كه ده‌كه‌وێته باكوری رۆژهه‌ڵاتی شاری سلێمانییه‌وه، یه‌كه‌مین ده‌روازه‌ی "هه‌رێمی قه‌ندیل"ه، ئه‌و هه‌رێمه‌ی كه له‌مانگی رابردوودا په‌كه‌كه وه‌ك ناوچه‌یه‌كی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری رایگه‌یاند.
له‌پشت بازگه‌وه وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رێبه‌ری به‌ندكراوی په‌كه‌كه به‌به‌ردی ره‌نگكراو له‌قه‌دپاڵی گردێكدا دروستكراوه، له‌وێیه‌وه سروشتی ئیداره‌یه‌كی جیاواز له‌ناوچه‌كانی تری هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات كه بیروباوه‌ڕی په‌كه‌كه تیایدا باڵا ده‌سته‌و سیستمی ئیداره‌دانی هه‌مان شێوازه كه ئه‌و پارته له‌كوردستانی سوریا له شێوه‌ی كانتۆندا دایمه‌زراندووه‌و له كوردستانی توركیاش داوای ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ری دۆسیه‌ی كورد له‌و وڵاته.
له23ی مانگی كانونی یه‌كه‌مدا ئه‌و هه‌رێمه له‌پێنج ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه راگه‌یاندرا به‌ناوی "خۆبه‌رێوه‌به‌ری قه‌ندیله‌وه"و ئه‌نجومه‌نێك هه‌ڵبژێردرا بۆ به‌رێوه‌بردنی.
په‌كه‌كه كاتێك ئه‌و هه‌رێمه‌ی راگه‌یاند ده‌ڵێت "ئه‌و سیستمه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی باشوور ده‌سه‌ڵاتداره، كاریگه‌ری نێگه‌تیفی له‌سه‌ر ژیانی گه‌لی قه‌ندیل داناوه".
هه‌رێمی قه‌ندیل ناوچه‌كانی درێژده‌بنه‌وه بۆ رووبه‌رێكی سێگۆشه‌یی سنوری توركیا‌و ئێران‌و عێراق كه په‌كه‌كه له‌نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه كردوویانه‌ته پێگه‌ی سه‌ره‌كی كاری سیاسی‌و سه‌ربازیی خۆیان، یه‌كێك له‌به‌رپرسانی په‌كه‌كه كه نه‌ویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه به"نیقاش"ی وت "روبه‌ری هه‌رێمی قه‌ندیل به‌هێنده‌ی نزیكه‌ی رووبه‌ری وڵاتی لوبنانه" - 10هه‌زار كیلۆمه‌تر دووجا-.
ئامانج ره‌سوڵ (27 ساڵ) هاوڵاتییه‌كی گوندی بۆكریسكانه له‌بناری قه‌ندیل، ئه‌و بۆ "نیقاش" وتی "مامه‌ڵه‌ی په‌كه‌كه له‌گه‌ڵمان ئاساییه‌و رۆژانه رۆڵ له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ی گونده‌كاندا ده‌بینن ".
زۆرینه‌ی ناوچه‌كانی هه‌رێمی قه‌ندیل وه‌ك سنور سه‌ر به‌ئیداره‌ی سلێمانین كه یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان تیایدا باڵاده‌سته‌و سنورێكی كه‌متری هاتوچۆی له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی هه‌ولێر هه‌یه كه پارتی دیموكراتی كوردستان تیایدا زۆرینه‌یه، به‌ڵام یه‌كه ئیدارییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستیان ناگاته ئه‌وسنوره.
پێكهێنانی ئه‌م هه‌رێمه ناڕه‌زایی له‌لای یه‌كێتی دروستكردووه كه له‌و سنوره باڵاده‌سته سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌به‌راود به‌پارتی په‌یوه‌ندییه‌كی باشتری له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌دا هه‌یه.
محه‌مه‌د وه‌تمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نیگه‌ران بوو له‌و هه‌نگاوه‌ی په‌كه‌كه بۆ پێكهێنانی هه‌رێمی قهندیلو به "نیقاش"ی وت "هیچ پرسێكمان پێ نه‌كراوه ئێمه وه‌ك یه‌كێتی ڕازی بین یان نا گوێمان بۆ ناگرن‌و كاره‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن".
ئه‌و هه‌نگاوه بۆ یه‌كه ئیدارییه‌كانی ئهوسنورهش تێبینی له‌سه‌ره كه هه‌رێمه‌كه له‌سه‌ر نه‌خشه ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیانه‌وه.
هیوا قه‌ره‌نی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین كه هه‌رێمی قه‌ندیل لهسنورهكهیدایه، ئه‌و هه‌رێمه به "نایاسایی" ده‌زانێت به‌لای هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عێراقییه‌وه.
هیوا قه‌ره‌نی كه له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتییه به"نیقاش"ی وت "له‌رابردوو ئێستاشدا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ئیدارییمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا نه‌بووه".
به‌پێی یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێكهێنانی هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی ئیداریی نوێ له‌قه‌زاو ناحیه تاده‌گاته پارێزگار پێویستی به‌بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستانه‌و به‌پێی ده‌ستوری عێراقیش پێكهێنانی هه‌رێم لهپارێزگایهك یان زیاتر دهبێتو رێوشێنی قورستری هه‌یه له‌وه‌ی هه‌رێم، به‌ڵام هه‌رێمی قه‌ندیل به‌هیچكام له‌م رێوشێنانهدا تێپه‌ڕنه‌بووه.
تائێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی ره‌سمی نه‌بووه به‌رامبه‌ر به‌پێكهێنانی هه‌رێمی قه‌ندیل كه له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵۆزدایه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه كه له‌و سنوره باڵاده‌سته.
نیقاش چه‌ندجارێك له‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندی تهلهفۆنیو كورته‌نامه‌وه په‌یوه‌ندیكرد به‌سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌ڵام بێ وه‌ڵام بوو.
عه‌لی حسێن به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه كوردستانییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان كه حزبه‌كه‌ی باڵاده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمه به"نیقاش"ی وت "ئه‌و ناوچه‌یه له‌رووی ئیدارییه‌وه سه‌ر بهههرێمهوهو له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه ئێمه دانی پێدانانێین، ئه‌وه‌ی ئه‌وان كردوویانه تاك لایه‌نه‌و ناده‌ستورییه".
ئه‌زمونی په‌كه‌كه له‌پێكهێنانی هه‌رێمی خۆبه‌رێوه‌به‌ریی له‌كوردستانی سوریاوه ده‌ستیپێكرد كه سێ كانتۆنی بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی دروستكرد، دواتر هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ئهزمونهشیدا بۆ قه‌زای شنگالی زۆرینه ئێزیدی كه هاوسنوری كوردستانی سوریایه.
به‌ڵام تائێستا په‌كه‌كه خۆی له‌وه ده‌پارێزێت كه وه‌ك هه‌رێمێك ناوی ئیداره‌ی ئه‌و ناوچه‌یه بنرێت، به‌ڵكو وێنه‌كه لای ئه‌وان شێوازێكی خۆبه‌رێوه‌به‌ریی ئیدارییه نه‌ك سیاسی.
سه‌رحه‌د ڤارتۆ وته‌بێژی كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كۆما جڤاكێ كوردستان (كه‌چه‌كه) كه په‌كه‌كه به‌شێكێتی به"نیقاش"ی وت "ئه‌مه دروستكردنی كانتۆن نییه هاوشێوه‌ی كانتۆنه‌كانی شهنگالو رۆژئاوا، به‌ڵكو قه‌ندیل پارچه‌یه‌كی خاكی هه‌رێمی باشوری كوردستانه، خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروبار‌و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانیان ئه‌نجومه‌نێكی خۆبه‌ڕێوه‌بردنیان پێكهێناوه، ئه‌وه پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی نییه‌و دابڕاندنی ئه‌و ناوچانه نییه له‌خاكی هه‌رێم".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی په‌كه‌كه هۆكاری پێكهێنانی ئه‌و خۆبه‌رێوه‌بردنه ده‌به‌ستێته‌وه به‌بێهێزی حكومه‌تی هه‌رێم له‌هاوكاریكردنی هاوڵاتیانی ناوچه‌كه‌و ده‌ڵێت "له‌رابردوودا حكومه‌تی هه‌رێم هاوكاری شاره‌وانی قه‌ندیلی ده‌كرد لهخزمهتگوزارییدا، بهلاَم ماوه‌یه‌كه ئه‌و هاوكارییه‌ش ڕاگیراوه بۆیه بیر له‌و هه‌نگاوه كراوه‌ته‌وه".
ئه‌و هه‌نگاوه بۆ شێوازی به‌رێوه‌بردن له‌هه‌رێمی كوردستان ئاسایی نابێت كه ئه‌گه‌ر زۆره دابڕانێكی ئیداریی‌و سیاسیش له‌نێوان په‌كه‌كه‌و حكومه‌تی هه‌رێم دروست بكات، به‌و پێیه‌ی ناكۆكن له‌سه‌ر رێوشێنه یاساییه‌كانی پێكهێنانی ئه‌و هه‌رێمه.
نازم هه‌ركی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ‌و ئاسایش‌و ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان به"نیقاش"ی وت "پێكهێنانی هه‌رێمی قه‌ندیل پێشێلكردنی سه‌روه‌ری یاساكانی هه‌رێمی كوردستان‌و ده‌ستوری عێراقه‌و ناكرێت هه‌رێمێك له‌ناو هه‌رێمی تردا دروست بكرێت‌و قابیلی قبوڵ نییه".
هه‌ركی جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه كه چۆن ئه‌وان پرسیان پێنه‌كردوون له‌راگه‌یاندنی هه‌رێمه‌كه‌دا ئه‌مانیش به‌پێی یاساكانی هه‌رێم مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن كه به‌وته‌ی ناوبراو جگه له‌هێزی پێشمه‌گه‌و پارته مۆڵه‌تدراوه‌كان هیچ هێزێكی تر له‌هه‌رێمدا ره‌سمی نین".
پێده‌چێت سیناریۆو پاڵنه‌ری تر له‌پشت پێكهێنانی ئه‌و هه‌رێمه نوێیه‌وه بن، ره‌نگه خراپی بارودۆخی خزمه‌تگوزاری له‌هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌و چڕٍبوونهوهی ناكۆكییه سیاسییه‌كان بۆ په‌كه‌كه كه‌شێكی گونجاوبێت بۆ نمایشكردنی نمونه‌ی خۆی بۆ به‌رێوه‌بردن وه‌ك به‌دیلی شێوازه‌كانی تری ئیداریی له‌هه‌رێم به‌تایبه‌ت له‌پاش ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی ناوچه‌كانی نزیك له‌سنوری هه‌رێمی قه‌ندیلی گرته‌وه.
ئاریان ره‌ئوف مامۆستای زانسته سیاسییه‌كانی زانكۆی گه‌رمیان پێیوایه هه‌ردوو سیناریۆكه پێشبینیكراوهو ده‌شڵێت "په‌كه‌كه ده‌یه‌وێت ئه‌زمونی كانتۆنه‌كان بگوازێته‌وه به‌هۆی ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ی له‌ناوچه‌كه دروست بووه‌و كاتێكیش پشێویی دروست بێت ده‌یه‌وێت ببێته به‌دیلێك بۆ ئه‌و دۆخه".
ئاریان ره‌ئوف به"نیقاش"ی وت "له‌ئاستی ناوخۆدا یه‌كێتی كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌رێمه‌دا نابێت كه په‌یوه‌ندی به‌هێزه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌دا، به‌ڵام بۆ پارتی كێشه ده‌بێت كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیا به‌هێزه".
به‌پێی ده‌ستوری عێراق پاراستنی سنوره‌كان له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تی ناوه‌ندیدایه، به‌ڵام پێكهێنانی ئه‌و هه‌رێمه به‌بێده‌نگی به‌سه‌ر به‌غدا تێپه‌ڕ بووه، وه‌ك چۆن به‌غدا له‌مانه‌وه‌ی سوپای توركیا له‌به‌شێكی خاكی عێراقدا بێده‌سه‌ڵاته.
پسپۆره سیاسییه‌كه ده‌ڵێت "به‌غدا ده‌یه‌وێت له‌هه‌رێم فره سه‌نته‌ری هه‌بێت بۆ بێهێزكردنیو له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌و پرسه وه‌ك كارتی گوشار له‌دژی توركیا بهركادههێنێت بۆیه بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه".
PM:11:56:18/01/2018
ئه‌م بابه‌ته 5138
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت