بەڵێنیدا ناوی ئەو لایەنانە ئاشکرا بکات کە ڕێگرن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان


وێستگە نیوز-

ئه‌مڕۆ پێنج شەممە 18ی كانوونی دووه‌می 2018 ، هومام حەمودی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڵێنیدا بە ئاشکراکردنی ئەو لایەن و پەرلەمانتارانەی کە ڕێگری دەکەن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.

 حەمودی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەر دواخستنێکی هەڵبژاردنەکان وڵات دەخاتە ناو بۆشاییەکی دەستورییەوە و هەموو ئەو دەستکەوتانەش بە با دەدات کە بەدیهاتوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، یاریکردن بە وادە دەستورییەکان خیانەتە لە گەل و پێچەوانەی ئەو سوێندەیە کە پەرلەمانتاران خواردوویانە وەک نوێنەرانی گەل، داواشی لە پەرلەمان کرد هەڵوێستی بەرپرسیارانە بگرێتەبەر، بۆئەوەی شەرعیەتی خۆی بپارێزێت ئەویش بە پەسەندکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا.

هەر ئەمڕۆ له‌كۆی‌ 260 په‌رله‌مانتار ته‌نها 123 كه‌س ده‌نگیان به‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دا، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆكاری‌ شكستی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌.


وابڕیاره‌ جارێكی‌ تر په‌رله‌مانی‌ عێراق، رۆژی‌ شه‌ممه‌، كۆببنه‌وه‌ له‌سه‌ر یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و گفتووگۆكردن له‌سه‌ر واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتی‌ خۆیدا.

هاوکات هەریەکە لە هادی عامری ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی بەدر و نوری مالکی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق دژایەتی خۆیان بۆ دواخستنی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند.

هادی عامری لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، بۆ پاراستنی دەستور ئەوان سورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا و پێیان وایە دواخستنی ڕۆیشتنە بەرەو داهاتوویەکی نەزانراو.

لەلایەکی ترەوە نوری مالکی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردنەکان نایاسایی و نادەستورییە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بە توندی پشتیوانی دەکات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق جگە لەوەی پشتیوانی لە هەڵبژاردنەکان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەکات، پێی وایە کە دواخستنی پێشهاتێکی مەترسیدارە و زیان بە دەستور و گەشەکردنی دیموکراسی دەگەیەنێت.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا هاوکاری دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە دەنگی هەموو عێراقییەکان دەبیسترێت تەنانەت ئەو دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسەش کە ئاوارە بوون.

ئەوەشی وتووە، ئەمریکا پشتگیریکردنی دامەزاروە دیموکراسییەکانی عێراق بە یەکێک لە کارە گرنگەکانی دەزانێت و ڕاشیگەیاند، بە تاقیکردنەوەی مافە دەستورییەکانیان بۆ دەنگدان، عێراقییەکان بەشداریی خۆیان لە حکومڕانی وڵاتەدا لەڕێگەی پرۆسەیەکی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی دەسەلمێنن.


PM:09:01:18/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 2093 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت