كرێچییه‌ك: خاوه‌ن ماڵه‌كه‌م پێمده‌ڵێت یان له‌گه‌ڵم بخه‌وه‌ یان كرێ‌ بده‌


وێستگه‌ نیوز- ڕووداو

بەدەم هەڵڕشتنی فرمێسکەوە قسە دەکات و لەگەڵ هەموو قسەیەکیدا ئاهێکی قووڵ هەڵدەکێشێ، نەبوونی و هەژاری ناچاری کردووە بیر لە فرۆشتنی گورچیلەی بکاتەوە، ئەو جارێک مامەڵەی فرۆشتنی گورچیلەی کردووە، بەڵام دواتر کەسەکە لە مامەڵەکە پەشیمان بووەتەوە، ئێستا چاوەڕوانی کڕیارێک دەکات تاوەکو گورچیلەکەی خۆی پێ بفرۆشێت.

نەهامەتییەکانی (ش. عەلی، تەمەن 34 ساڵ) لەگەڵ لەدایکبوونییەوە بەرۆکیان گرتووە، ئەو دەڵێت "تازە لەدایکببووم، باوکم بە رووداوی هاتوچۆ مرد و دایکیشم نەماوە، هیچ برایەکم نییە و تەنیا خوشکێکی لەخۆم گەورەترم هەیە کە وەکو خۆم هەژار و کرێچییە و لەگەڵ هاوژینەکەی زۆر بە زەحمەت توانای خۆبەڕێوەبردنیان هەیە".

(ش) دوای مردنی دایکی بە بێکەسی دەمێنێتەوە، هەر بۆیە دوای ساڵێک لە مردنی‌ دایکی‌، هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک دەکات کە پاسەوانە و ئێستا خاوەنی سێ منداڵن، ئەوان لە گەڕەکێکی سلێمانی نیشتەجێن و کرێچین. مووچەی هاوژینەکەی تەنیا بەشی کرێی خانووەکەیان دەکات و (ش)یش ئەو 90 هەزار دینارەی وەک مووچەی کەمئەندامی وەریدەگرێت، دەیکات بە خەرجیی رۆژانەی منداڵەکانی. (ش) لەو ژیانە بێزار بووە و دەڵێت هەژاری وەها تەنگی پێهەڵچنیوە کە بڕیاری داوە گورچیلەی خۆی بفرۆشێ. ئەو دەڵێت: "ساڵی پار کوڕەکەم تەمەنی بووە شەش ساڵ و دەبوو بچێتە قوتابخانە، بەڵام نەمتوانی بینێرم، کە لێم دەپرسێ بۆ منیش وەکو هاوڕێکانم ناچمە قوتابخانە، پێمگوت هێشتا تەمەنی تۆ نەگەیشتووەتە شەش ساڵان، چەندینجار بیرم لەوە کردووەتەوە خۆم بکوژم یان خۆم و منداڵەکانم لە ژوورەوە بسووتێنم و چیتر ئەم ژیانە سەختە نەبینین".

(ش) لە زۆر دەرگای داوە، بەڵام هیچ کەسێک هاوکاری نەکردووە و هیچ دەرگایەکیان بەڕوودا نەکردووەتەوە، بۆیە ساڵی پار بڕیاری دا گورچیلەیەکی خۆی بفرۆشێ و دەڵێت "لەگەڵ کەسێک رێککەوتم بە 12 ملیۆن دینار گورچیلەکەمی بدەمێ، بەڵام دواتر کەسەکە لە مامەڵەکە پەشیمان بووەوە".

یەکێکی دیکە لە کێشەکانی (ش) ئەوەیە کە دەستێکی تەواو نییە و ناتوانێت کاربکات، ئەو دەڵێت: "لە رووداوێکی هاتوچۆدا شادەماری دەستێکم  پچڕاوە و ناجووڵێت، لە مانگی 10ی پارساڵەوە ناوم نووسیوە تا نەشتەرگەری بکەم، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی نەشتەرگەرییەکە کە 300 هەزار دینارە، نەمتوانی نەشتەرگەرییەکەش بکەم، ئەگەر دەستم ئیشی بکردبایە، نانکەری و کارەکەریم لە ماڵان دەکرد و بژێویی منداڵەکانم دابین دەکرد".

بەهۆی دواکەوتنی مووچەی هاوژینەکەیەوە، چوار مانگە کرێی خانوویان نەداوە، بۆیە هەموو مانگێک خاوەن خانووەکە کێشەیان بۆ دروست دەکات، تا دەگاتە ئەوەی داوا لە (ش) دەکات لەگەڵی بخەوێت، ئەو دەڵێت "هاوژینەکەم لە دەوام بوو، خاوەن ماڵەکە هات و داوای کرێی خانووەکەی کرد، بەڵام من هیچم نەبوو بیدەمێ، بۆیە گوتی مادام ناتوانن کرێی خانوو بدەن، رێگەم بدە بێمە ژوورەوە و لەگەڵم بخەوە، بەڵام من دەرگاکەم بەڕوویدا داخست و دەرمکرد". 

دەشڵێت: "ئەو قسانە زۆر کاریان لێکردم و ناچار بووم دووبارە بیر لە فرۆشتنی گورچیلەم بکەمەوە، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت بە پارەی گورچیلەکەم بتوانم زەوییەکی 50 مەتریش بێت بیکڕم و رزگارم بێ".


PM:03:57:18/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 21812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت