ساڵی رابردوو داهاتی رۆژانه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی 37 هه‌زار دۆلار بووه‌

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، ساڵی رابردوو داهاتی رۆژانەی فڕۆکەخانەکەیان 37 هەزار دۆلار بووە.


ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4ی كانوونی دووه‌می 2018، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا، تاهیر عەبدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ئامارەکانی ساڵی رابردووی خستەڕوو و رایگەیاند، ساڵی 2016، خەرجی فڕۆکەخانەکە زیاتر بووە لە قازانج، بەڵام ساڵی رابردوو تا پێش راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بە پێچەوانەوە بووە.

ئەوەشی وت: "کۆی گشتی ژمارەی گەشتیاری هاتوو و رۆیشتوو، 485 هەزار و 156 گەشتیار بووە، کۆی گشتی فڕۆکەی هاتوو و رۆیشتوو، حەوت هەزار و 551 فڕۆکە بووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی زیانێکی گەورەی داوە بە فڕۆکەخانەکان و ئابووری هەرێم، چونكه‌ ساڵی رابردوو داهاتی رۆژانەی فڕۆکەخانەکەیان 37 هەزار دۆلار بووە.

وتیشی: "بەهیوای ئەوەین لە ئایندەیەکی نزیکدا بەغدا چاو بخشێنێتەوە بەو بڕیارەدا و گەشتەکان دەستپێبکەنەوە".

ڤیدیۆ: پشتیوان جه‌مال

هــ. ر


PM:01:00:04/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 5736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو