حه‌سه‌ن رۆحانی له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی ئێران بێده‌نگی شكاند

‌حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران

وێستگه‌ نیوز ـ
حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکەی بێدەنگی شکاند و رایگەیاند، پێویستە دەزگا حکومییەکان پانتاییەک بۆ رەخنەگرتنی هاوڵاتییەکانی دەستەبەربکات و هاوکات هۆشداری دایە خۆپیشاندەران لە ئەنجامدانی هەر کارێکی توندوتیژی.


رۆحانی لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی کە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە درێژەیان هەیە وتی: "رەخنەگرتن شتێکە و توندوتیژی و تێکدانی کەرەستە و دامەزراوەکان شتێکی ترە، پێویستە دەزگاکانی حکومەت پانتاییەک بۆ رەخنە و ناڕەزایی مەشروع فەراهەم بکەن".

وتیشی: "دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا مافی ئەوەی نییە هاوسۆزی بۆ خۆپیشاندەرە ئێرانییەکان دەرببڕێت، بە تایبەت کە چەند مانگێک لەمەوبەر نەتەوەی ئێرانی بە تیرۆریست ناوبرد".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا رۆحانی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە شتێکی دیکە روونبکەینەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەوان نەتەوەیەکی ئازادن، بەگوێرەی دەستوور گەل ئازادیی تەواوی رادەربڕینی خۆی هەیە وەک رەخنەگرتن و تەنانەت ناڕەزایەتیش، بەڵام نابێت کەشێکی وا دروستبکرێت کە لایەنگرانی شۆڕش و گەل لە حاڵەتێکی دودڵیدا بن لەسەر ژیان و ئارامییان.

داواشی لە میدیاکانی دەوڵەت کرد راو ڕای جیاواز بگەیەنێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو دەنگی ناڕەزایەتی لە دژی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی راگەیاندن بەرزبووەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا رۆحانی جەختیکردەوە چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکان ئاسان نییە و پێویستی بە کاتە، بۆیە دەبێت حکومەت و گەل هاوکاریی یەکتری بکەن لەو رووەوە.

ئەو وتانەی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 28ی کانوونی یەکەمی 2017 بەهۆی خراپی رەوشی ئابورییەوە، خۆپیشاندانەکان لە شاری مەشهەدی ئێران دووەم گەورە شاری ئەو وڵاتەوە دەستیپێکرد و ماوەی چوار رۆژە بەردەوامی هەیە و زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە و لە چەند شوێنێکیش دروشم دژی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و سیستمی دەسەڵات بەرزکراوەتەوە.

هــ. ر


PM:11:29:31/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 4016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو