وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوا لە بەغدا دەکات لەگەڵ هەولێر دەست بە گفتوگۆ بکات

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی داوای لە حکومەتی عیراق کرد لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست بە گفتوگۆ بکات، لەبەرامبەردا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکارییەکانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش و، پشتیوانیکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عیراقدا.


ئه‌مڕۆ دووشەممە 18ی كانوونی یه‌كه‌می2017، لە بەرلین، زیگمار گابرێل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی قوباد تاڵه‌بانی‌، جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران کۆبووەوە و چەند پرسێکی وەک، شەڕی داعش و تیرۆر، پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێکرد، دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان سازکرد.

لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا زیگمار گابرێل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: "هەولێر خواستی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە و دەبێت پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاسایی ببنەوە و حکومەتی عیراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست بە گفتوگۆ بکات".

لەبارەی داعشیش وتی: "داعش مەترسییەکی گەورە بوو بۆسەر عیراقییەکان، کۆتایی داعش نزیکبووەتەوە و دەبێ سەرکەوتن بەسەر داعشدا بپارێزین".

لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی ئەڵمانیا و هاوپەیمانانی کرد و وتی: "سوپاسی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین بۆ ئەو هاوکارییانەی پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردوون، هەرگیز هاوکارییەکانی ئەڵمانیا لەبیرناکەین، هەروەها سوپاسی ئەڵمانیا دەکەین بۆ پشتگیریکردنی لە مافە دەستوورییەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا".

ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداون.

لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانیش لەگەڵ حکومەتی عیراق نێچیرڤان بارزانی وتی: "هاتووین هەڵوێستمان دووپاتبکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە رێگەی گفتوگۆ لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا، پابەندین بەرامبەر عیراقی دیموکراتی، فیدراڵی و فرەیی کە رێز لە دەستووری وڵاتەکەی بگرێت، ئێمە بەپێی دەستووری عیراق هیچ کێشەیەکمان نییە لە بابەتی دەسەڵاتی فیدراڵی لە خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، ئامادەین گفتوگۆیەکی جددی بۆ چارەسەکردنی هەموو کێشەکان بکەین لەپێناو سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا".

هەروەها وتیشی: "رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عیراق دەگرین، ئەگەر بمانەوێت ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو گەلی عیراق دابین بکەین، دەبێت ئەم دەستوورە کە زۆرینەی گەلانی عیراق دەنگیان بۆ داوە، وەک خۆی بەتەواوی جێبەجێ بکرێت. چارەسەرکردنی کێشەکان بە بوونی ئیرادەی سیاسی و ئامادەیی لایەنەکان دەکرێت، ئەم چارەسەرەش پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزی نیشتمانی هەیە، بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەر لەنێوان حکومەتی فیدراڵی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور".


هــ. ر


PM:01:31:18/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 1892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو