موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌ربه‌سته‌ئاویه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن عیراقه‌وه ده‌درێت
وێستگه نیوز –
په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند كه هه‌فته‌ی داهاتوو موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌ربه‌سته‌ئاویه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن عیراقه‌وه ده‌درێت.
ئه‌مین به‌كر په‌رله‌مانتاری گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتووه، رایگه‌یاند كه "دوای هه‌وڵدان، وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاویه‌كانی عیراق موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌ربه‌سته ئاویه‌كانی هه‌رێم ده‌دات".
ئه‌مین به‌كر نووسیویه‌تی: "كاتی خۆی وزیری سه‌رچاوه ئاویه‌كان حه‌سه‌ن ئه‌لجه‌نابی ره‌زامه‌ندی دا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و، هه‌فته‌ی ڕابردووش ئه‌و بابه‌ته‌ی برده ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران".
وتیشی: "رۆژی پێنجشه‌ممه نوسینگه‌ی وه‌زیر ئاگاداریان كردمه‌وه كه ڕه‌زامه‌ندی دراوه به‌وه‌ی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی به‌غدا هه‌فته‌ی ئاینده موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌ربه‌سته ئاوییه‌كانی هه‌رێم خه‌رج بكات".
كۆتایی مانگی رابردوو عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه "حكومه‌تی عیراق ڕازیبووه لیستی فه‌رمانبه‌رانی به‌نداوه‌كانی هه‌رێمیان بۆ بنێرین و بڕیاره كۆتایی هه‌فته‌ی ئایینده موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌نداوه‌كان بدرێت".
له‌دوای ڕیفراندۆمه‌كه‌ی 25ی ئه‌یلولی 2017، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئاڵۆزبووه و حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یی ده‌ربڕیووه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات، به‌ڵام حكومه‌تی عیراق ئاماده‌یی خۆی بۆ گفتوگۆ نیشان نه‌داوه.
AM:08:29:15/12/2017
ئه‌م بابه‌ته 58540
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت