نێچیرڤان بارزانی: گرژییه‌كان كه‌مبونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نییه‌

‌نێچیرڤان بارزانی و یان فیتشال

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یان ڤیتشال، باڵیۆزی چیك له‌ عیراق و ئیڤا درداكۆڤا كونسوڵی چیك له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد، رایگه‌یاند كه‌ وێڕای‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ گرژییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڵام هیچ گفتوگۆیه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نییه‌.

ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14ی كانونی یه‌كه‌می 2017ـ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ یان ڤیتشال، باڵیۆزی چیك له‌ عیراق كۆبوونه‌وه‌ فیتشال مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته ‌ڕوو كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری‌‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و میكانیزمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخ و قه‌یرانه‌كانی‌ ئێستا ببێت، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێم كۆببێته‌وه‌ و سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان بكات.

پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانیان له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان و گه‌یاندنی هاوكارییه‌كانیان به‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كان و به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ داموده‌زگا‌كانی حكومه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ ڕوو، ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هاوكاریكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا نیشان دا.

له‌ دیداره‌كه‌دا نێچیرزان بارزانی، سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌كانی چیكی‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماژه‌ی به هۆكاره‌كانی دروستبوونی قه‌یرانه‌كان كرد، دووپاتی‌ كرده‌وه‌ كه‌‌ وێڕای‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ گرژییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڵام هیچ گفتوگۆیه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نییه‌ و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ستوری عیراق وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌بینێت.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دۆخی هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی كۆده‌نگیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌م قۆناغه‌دا، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان و چۆنیه‌تیی تێپه‌ڕاندنی‌ قه‌یرانه‌ ئابوری و سیاسییه‌كا و  پلانی حكومه‌ت بۆ چاكسازی له‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كاندا و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كان، خسته ‌ڕوو. 

نێچیرزان بارزانی به‌ پێویستیشی‌ زانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵی زیاتر ببینێت له‌ هاوكاریكردنی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پشتگیریكردنی ژێرخانی ئابووریی‌ هه‌رێمی كوردستان له‌م قۆناغه‌دا.

ر.ع


AM:12:01:15/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 1824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو