جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای سازكردنی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

جوڵانەوەی نەوەی نوێ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌پێویستی ده‌زانێت "حکومەتی ھەرێم بڕوخێت و دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت"، پشتیوانیی خۆشی بۆ "بەرپاکردنی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە کوردستان" ده‌ربڕی.

ئه‌مشه‌و پێنجشه‌ممه‌ 14ی كانونی یه‌كه‌می 2017، جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ "خەڵك ناتوانن ھیچیتر بەرگەی ئەم بارودۆخە قورسە بگرن، بۆیە پێشبینی خۆپیشاندانی فراوانی فەرمانبەران و چین و توێژە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان لە دژی حکومەت دەکرێت."

جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت: "پشتگیری تەواوی  خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات لە چەند رۆژی داهاتودا،  پێمانوایە کە پێویستە نارەزایەتیەکان بە ئاراستەی روخاندنی ئەم حکومەتە و ئەم دەسەڵاتە رێکبخرێت و حکومەتی ھەرێم دەبێت بڕوخێت و دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و  دەسەڵات بسپێردرێتە دەستی نەوەیەکی نوێی سیاسی کە بەشێك نەبن لە 26 ساڵی حوکمڕانی ھەرێم و ئەو شکست و کارەساتانەی بەسەر گەلەکەماندا ھێنران.

دەقی ڕاگەیەندراوکە..

دوای شکستی یەکجاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ئێستادا ئەم حکومەتە توانای دابینکردنی گوزەرانێکی شایستە و خزمەتگوزاریە بنچینەییەکان و موچەی فەرمانبەرانی نەماوە. لە کاتێکدا کە خەڵك ناتوانن ھیچیتر بەرگەی ئەم بارودۆخە قورسە بگرن، بۆیە پێشبینی خۆپیشاندانی فراوانی فەرمانبەران و چین و توێژە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان لە دژی حکومەت دەکرێت.

سەرەڕای ئەوەی کە نەوەی نوێ بە هەمو توانایاوە  پشتگیری تەواوی  خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات لە چەند رۆژی داهاتودا،  پێمانوایە کە پێویستە نارەزایەتیەکان بە ئاراستەی روخاندنی ئەم حکومەتە و ئەم دەسەڵاتە رێکبخرێت و ھیچیتر قەدەر و چارەنوسی ئەم خەڵکە نەسپێرین بەو حیزب و سیاسیە تەقلیدیانەی کە دواشت بیری لیبکەنەوە ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیانە. حکومەتی ھەرێم دەبێت بڕوخێت و دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و  دەسەڵات بسپێردرێتە دەستی نەوەیەکی نوێی سیاسی کە بەشێك نەبن لە 26ساڵی حوکمڕانی ھەرێم و ئەو شکست و کارەساتانەی بەسەر گەلەکەماندا ھێنران.

بۆیە بە هەمو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی رادەگەێنین کە هەمو تواناکانیان بخەنە گەر و یەکی بخەن لە پێناو ئەنجامدانی گۆڕانکاری گەورە لە زوترین کاتدا و بەرپاکردنی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە کوردستان . 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ
14ی کانونی یەکەمی 2017


PM:10:47:14/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 6584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو