چارەنووسی سێ مووچەی ئەم ساڵی فەرمانبەران ئاشكرا دەكرێت


وێستگه‌ نیوز ـ
هه‌فته‌نامه‌یه‌كی نزیك له‌ پارتی رایگه‌یاندووه‌، وەزارەتی دارایی لە رێگەی  گەنجینەکانەوە داوای لە سەرجەم یەکەی ژمێریاری فەرمانگەکان کردووە لیستی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12یان بۆ رەوانە بکەن.

 
سەرچاوەیەک لە یەکەیەکی ژمێریاری بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی نزیك له‌ پارتی ئه‌وه‌ی دووپاتکردوەته‌وه‌، کە دەبێت پێش 15ی ئه‌م مانگه‌ لیستی ئەو سێ مووچەیە بدرێتە گەنجینەکا".

سەبارەت بە چارەنووسی ئەو سێ مووچەیە ئەو سەرچاوەیە وتی: "یان وەک ساڵی 2015 ئەو مووچانە دەخرێنە چوارچێوەی پاشەکەوت، یان وەک ساڵی 2017 ئەو مووچانە دەدرێن".
 
ھەمان سەرچاوە ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ھەرێمی کوردستان بگاتە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا ئەوە لە ساڵی 2018 لە مووچەی مانگی یه‌ك دەست پێ دەکرێت بەپێچەوانەی ساڵی 2017، کە لە مووچە نەدراوەکانی ساڵی 2016 دەستیپێکرد".
 
لە ساڵی 2016 مووچەی مانگی 11 و 12 نەدرا و ئەو دوو مووچەیە لە مانگی دوو و دووی ساڵی 2017 دابەش کرا.
 
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان، کە بە واژۆی رابەر سدیق، بریکاری  وەزارەتی دارایی لە 13ی 12ی 2015  دەرچووە.

وەک قەرز لەسەر حکومەت مامەڵە لەگەڵ مووچە نەدراوەکانی 2015 کرا، کە ئەوکاتە مووچەی مانگەکانی (9 و 10 و 11 و 12)ی ساڵی 2015 قەیدی بۆ کرا و لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 12 وەک قەرز دیاری کرا.
 
عوسمان ساڵح، بەڕێوەبەری گەنجینەی ھەرێم تەنیا ئەوەندەی راگەیاند، داوایان لە وەزارەتەکان کردووە لیستی مووچەی سێ مانگیان بۆ رەوانە بکەن، بەڵام ھۆکاری داواکردنی ئەو لیستانەی مووچەی روون نەکردەوە، چونکە پێی وایە ئەوە پەیوەندیی بە وەزارەتی داراییەوە ھەیە.
 
بەپێی بەدواداچوونه‌كان کۆی مووچە نەدراوەکانی فەرمانبەران، بەبێ مووچەی خانەنشینان لە ساڵی 2015 تا 2017 بریتییە لە نۆ مووچە.
 
یاسین عەبدولواحید، بەڕێوەبەری پێشوو لە وەزارەتی دارایی و شارەزای کارگێڕی و دارایی بە (باس)ی راگەیاند، بەپێی رێنماییەکان ئەو مووچانەی لە ساڵێکدا خەرج دەکرێت ئەوانەشی خەرج ناکرێت دەبێت تۆمار بکرێن، وتی: "ئەو مووچانەی خەرج نەکراون ئەوە دەبێت بە لیست لە خەزێنەکان ھەبن و تۆماری تایبەت بە خۆیان ھەبێت و پاکتاوی ژمێریاریان بۆ بکرێت، یان بخرێنە تۆمارێکی تایبەتەوە".
 
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر حکومەت نەیتوانی ئەو مووچانە بداتەوە، ئەوە بە قەرز لای حکومەت دەمێنێتەوە، وتیشی: "ئەو مووچانەی نەدراون ئەوە بە قەرز ئەژمار دەکرێن، بەڵام چۆنیەتیی دانەوەی ئەوە پەیوەندیی بە بڕیار و داھاتی حکومەتەوە ھەیە".
 
ناوبراو پێ یوایە ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەلایەن بەغداوە بدرێت لە ساڵی 2018 ئەوە لە مانگی یەکی ساڵەوە ئەژمار دەکرێت و بەبێ پاشەکەوت دەبێت و ناگەڕێتەوە بۆ ئەو سێ مووچەیەی کە لە ساڵی 2017 نەدراوە.

هــ. ر


AM:11:31:12/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 44428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو