موقتەدا سەدر: ئەگەر گروپەکان جدی بن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا من یەکەم سەرباز دەبم

‌موقتەدا سەدر

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆکی رەوتی سەدر هەوڵی کۆبوونەوەی گروپە چەکدارەکانی عیراقی لەبارە بڕیاری ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل ئاشکراکرد و وتی: ئەگەر گروپەکان لە بانگەشەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا جدیی بن، ئەو یەکەم سەرباز دەبێت.


موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر کە خاوەنی گروپێکی چەکدارە بەناوی (سەرایا سەلام) ئەمڕۆ پێنجشەممە لە وتەیەکیدا وتی، پەیوەندی و هەماهەنگیان لەگەڵ "گروپە بەرگریکارەکان" هەیە بۆ تاووتوێکردنی پێشهاتەکانی بریارەکەی ترەمپ لەبارەی قودسەوە.

وتیشی: "ئەگەر گروپەکان جدیی بن لەسەر هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق، ئەو یەکەم سەرباز دەبێت، نەک یەکەم فەرماندە".

پێشتریش سەدر داوای لە گروپە شیعیەکانی عیراق کردبوو کۆبوونەوەی بەپەلە لەبارەی پێشهاتەکانی دۆسێی قودس ئەنجامبدەن، هاوکات هۆشداریشیدا لە شەڕکردن لەگەڵ ئیسرائیل لە ڕێی خاکی سوریاوە.

وەک چاوەڕوان دەکرا، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری ناساندنی قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل راگەیاند و وتی، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هەوڵەکانی ئاشتییە لە نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان.

هــ. ر


PM:02:54:07/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 3926 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو