حكومه‌ت چه‌ند بڕیارێك له‌ باره‌ی فەرمانبەرانه‌وه‌ ده‌رده‌كات


وێستگه‌ نیوز ـ
بەرپرسێكی تایبەت بە راژەی فەرمانبەران  چەند زانیاریەكی گرنگ لە بارەی  بڕیار و رێنماییە پەیوەستەكانی راژە و ئەژماری خزمەتی فەرمانبەران دەخاتەروو.


هۆشەنگ شێخ ئەحمەد، سەرۆكی  لیژنەی راژە لە  ئەنجومەنی  وەزیرانی كوردستان به‌ هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی راگەیاند: "چەند راژەیەك هەیە دەخرێتە سەر خزمەتی وەزیفی فەرمانبەران،  وه‌ك خزمەتی كەرتی تایبەت یان پێشمەرگایەتی یان ئاوارەیی، یان خزمەتی رۆژنامەنووسی دەخرێتە سەر راژەی فەرمانبەریان و بۆیان بە خزمەت ئەژمار دەكرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو فەرمانبەرانەی ئەو جۆرە خزمەتانەیان هەیە لە رێگەی فەرمانگەكان نووسرایان بۆ دەكرێت بۆ لیژنەكەی ئەوان كە پێكهاتووە لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، وتیشی: "سەیری داواكاریەكانیان دەكرێـت و بەپێی یاسا و رێنماییەكان بڕیاریان بۆ دەردەكرێت و وەڵام دەدرێنەوە".

گواستنەوەی ئەو راژانە بۆسەر خزمەتی فەرمانبەری هەم بۆ گۆڕینی ناونیشان و زیادكردنی مووچەیە ،هەروەها بۆ خانەنشینیش سودی لێوەردەگیرێت.

هۆشەنگ شێخ ئەحمەد، جەخت دەكاتەوە ئەژماركردنی ئەو خزمەتانە پەیوەستن بەو بەڵگە و نوسراوانەی بۆیان رەوانە دەكرێت، وتیشی: "دۆسیەی هەر فەرمانبەرێك كەمو كوڕی هەبێت ئێمە داوای بەڵگەنامە و بەرایی دەكەین، ئەوەشی تەواو بێت ئەوە فەرمانی ئەژماركردنەكەی بۆ دەردەكرێت".

ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی وەزیران سەبارە بە گواستنەوەی خزمەتی كەرتی حكومی بۆ كەرتی گشتی وتی: "بەپێی رێنماییەك هەر فەرمانبەرێكی حكومەت بچێتە كەرتی تایبەت بۆ ماوەی پێنج ساڵ نیو مووچەی پێ دەدرێت پاشان لە كاری فەرمانبەری دادەبڕێـت و ناگەڕێتەوە بۆ كەرتی حكوومەت،بۆ ئەوەش ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەر سودیان لەو رێنماییە وەرگرتووە".

سەرۆكی  لیژنەی راژە لە  ئەنجومەنی  وەزیران روونی كردەوە، نوسراویان بۆ داموو دەزگاكان كردووە بۆ دیاریكردنی میلاك و میلاكی فەرمانبەری  زیادە، وتیشی: "بەشێك لە فەرمانگەكان داتاكان و فۆڕمەكانیان ناردووە و میلاكی خۆیان روون كردۆتەوە، بەشێك لە فەرمانگەكان وەڵامیان نەداوەتەوە بۆیە  دووباەر جەختمان لێیان كردۆتەوە و كۆبونەوەمان لەگەڵ بەرێوەبەرە گشتیەكانیش كردووە".

ئەو بەرپرسە لە بارەی تەنسیبی فەرمانبەرانی داموو دەزگاكانی حكوومەتی  ناوەندی عیراق بۆسەر هەرێم وتی: "ئێمە وەك حكومەتی هەرێم تەنسیبی فەرمانبەرانی مەسیحی و عەرەبمان درێژ كردبویەوە، پێشمان وتبوو تا كۆتایی ساڵ بۆیان درێژ دەكەینەوە، بەڵام بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئەوە بوو لە دوای 1ی 9ی 2017 تەنسیبی هەموو ئەو فەرمانبەرانە كۆتایی دێت و دەبێت بگەڕێنەوە فەرمانگە رەسەنەكانی خۆیان و دەبێت پابەند بن بەو بڕیارەوە".

هــ. ر


AM:10:10:05/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 27420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو